شاندێکی نێونەتەوەیی سەردانی ژنانی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەن

خەبات و تێکۆشانەکانی ژنی کورد بە جیهان ناسێندراوە، ئەمەش وایکردووە ژنان لە وڵاتانی دیکەوە خولیای لێکۆڵینەوەیان بۆ تێکۆشانەکانی ژنان دروستببێت، دەیانەوێت سود لەو تێکۆشانەنە وەربگرن و لە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان بەکاری بهێننەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ١٨ی ئادار، ڕێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی نوێنەرانی ژنی ڕێکخراوی وڵاتە جیاوازەکان کە پێکهاتوون لە، کلا کوپەر لە وڵاتی پۆلیڤیا، کارۆلین کیم لە وڵاتی کۆریا، رەها زەمانی لە وڵاتی ئێران، کۆخۆب مهریتاب لە وڵاتی ئێریتریا، زەینەب بایەزیدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەردانی ژنانی لایەنە سیاسەییەکانی باشووری کوردستانیان کرد، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد کە بووەتە نمونەی تێکۆشان بۆ ژنانی جیهان.

 

شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەک لە ژنانی حزبی شیوعی کوردستان، ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبوونەوە، شاندەکە، کە لە چەندین وڵاتەوە هاتوونەتە باشووری کوردستان، سەرسامبوون بە تێکۆشانەکانی ژنانی کورد، بە تایبەت شۆڕشی ڕۆژئاوا و سەرهەڵدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرپا بوو،

 

سەردانییەکانی شەندەکە نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت و لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە، سەرەتا سەردانی حزبی شیوعی کوردستان کرا و باسیان لەو تێکۆشانانە کرد کە حزبی شوعی لە ساڵی ١٩٥٢وەوە لە کاتی دامەزراندنییەوە ئەنجامی داوە، یەکێک لەو خاڵەی ژنانی حزبی شوعی ئاماژەیان پێدا یەکنەگرتنی ژنانی حزبە جیاوازەکانە لە باشووری کوردستان، ئەمەشیان بە هۆکار زانی بۆ بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی ژنان و ئەو ڕێگرییانەی دێنە بەردەمیان لە باشووری کوردستان.

 

"هەوڵمان داوە وەک ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەزموون لە ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەربگرین"

دواتر شاندەکە لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژنان کۆبوونەوە و کاری ژنانی بزووتنەوە خرایەڕوو، گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕوونیکردەوە، لە هەر دۆخێکدا پاڵپشتی ژنانی باشوور و هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەن، لە بەردەوامی دانیشتنەکانیشیاندا لە پەرلەمانی کوردستان کێشە و گرفتەکانی ژنان دەخەنەڕوو لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژنان لە ڕووی یاساییەوە، هەوڵیان داوە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ ژنانی پارچە جیاوازەکاندا دروست بکەن و ئەزموون لە خەباتی یەکتر وەربگرن.

 

شاندەکە سەردانی تەڤگەری ئازادی کرد

دوابەدوای ئەوە شاندەکە سەردانی دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان کرد و تێکۆشانی ژنانیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە فکر و فەلسەفەی ئازادی و ئیرادەی ژنان گفتوگۆ کرد، پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی وتی: شاندەکە ئامانجیانە لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بکەن، ئێمەش وەک ژنانی تەڤگەری ئازادی وەڵامی پرسەکانی ئەوانمان دایەوە و باسمان لە دۆخی ژنان کرد لە باشووری کوردستان، کە چۆن کاروخەبات بەڕێوەدەبەن لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیەی ئێستا بووەتە جیهانی.

 

کۆخۆب مهریتاب، ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، "وەک شاندێکی نێونەتەوەیی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاتووینەتە باشووری کوردستان تا زیاتر لێکۆڵینەوە لە پارادایم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بکەین، ئێمە بە هاتنمان بۆ ئێرە زیاتر زانیاریمان لەسەر فەلسەفە وەرگرت بەو پێیەی کە کرداری بینیمان چەندە سەختی لەبەردەم تێکۆشانی ژناندا هەیە، بەڵام بە ئیرادە و باوەڕییەوە ئەو تێکۆشانە بەردەوامە.

 

بڕیارە شاندەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ژنانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی باشووری کوردستان کۆببێتەوە.