پاڵپشتی وڵاتانی هەژار؛ ١.٤ ملیار دۆلار لەبری ٥٠٠ ملیار دۆلار بەخشراوە

لە کۆبوونەوەی پاڵپشتیکردنی وڵاتانی هەژار لە دۆحە، لەبری ٥٠٠ ملیار دۆلار، تەنها یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار پشتگیری کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٠ی ئادار، لە کاتێکدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کرد کە بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار هاوکاری بۆ وڵاتانی کەم گەشەسەندوو تەرخان بکەن، بەڵام لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە وڵاتانی هەژار لە دۆحە، لەبری ٥٠٠ ملیار دۆلار، تەنها یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخانکرا .

 

لە کاتێکدا هەموو پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان لەلایەن کۆمەڵێک حکومەتی سنووردارەوە قۆرخکراون و ئەو حکومەتانەش سەدان ملیار دۆلاریان لە بودجەی سەربازی تەرخانکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی گەلان و تاڵانکردنی سامانی سروشتی وڵاتانی کەم پێشکەوتوو، سەرەڕای دۆخی ناهەمواری وڵاتان و گۆڕانی کەشوهەوا و شەڕ، ڕەتیدەکەنەوە هاوکاری بۆ وڵاتانی کەم پێشکەوتوو و هەژار تەرخان بکەن.

 

لە کۆبوونەوەکەی ٩ی ئادار لە دەوحە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیکخرابوو بۆ پاڵپشتیکردنی وڵاتانی هەژار، بەڵێنی هاوکارییەکان بە بڕی تەنیا یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار درا، کە ئەمەش زۆر کەمترە لە چاوەڕوانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی دەوڵەمەند کرد کە ساڵانە بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار هاوکاریی وڵاتانی هەژارتر بکەن.