ڕژێمی ئێران شاری جوانڕۆی گەمارۆدا

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەرهەڵدانەکان بەردەوامن، ڕژێمی ئێران گەمارۆی شاری جوانڕۆی داو لە هێرش کردنە سەر ماڵاندا ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەستگیرکران. 

موژدە کرماشانی 

 

ناوەندی هەواڵ- ئەو ڕاپەڕینانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان پێکردبوو لە مانگی چوارەمیدا سەرەڕای هەموو فشارەکان بەردەوامن، شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو شارانەی کە ڕووبەڕووی فشارە بەردەوامەکانی دەوڵەتی ئێران دەبێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕەوانەی جوانڕۆ کران، پارێزەرانی شۆڕشی ئێران لە چلەمین ڕۆژی ئەو کەسانەدا کە لە دواین ڕاپەڕیندا گیانیان لە دەستداوە، چوونە سەر گۆڕستانیان لێ ئاستەنگ کرا، پاسداران تەقەیان لە هاوڵاتیان کرد لە ئەنجامدا چالاکوانێکی دیکە گیانی لەدەستدا و چەندین کەسیش برینداربوون. 

 

مۆبایلەکانیان دەپشکنن
هاوڵاتییەک بە ناوی "ف.م" دەربارەی ئەو ڕووداوانەی لە شارەکە ڕوودەدەن وتی: "بۆ چارەسەر چووم بۆ کرماشان کاتێک گەیشتینە خاڵێکی پشکنین وەستاین و ئۆتۆمبێل و تەلەفۆنی هاوژینەکەمیان پشکنی، هەژمارە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پشکنی، پرسیارمان لێ کرا کە ئایا پەیوەندیمان بە لایەکەوە کردووە، پرسیاریان لێکردین بۆچی دەچینە کرماشان هێزەکانی ڕژێم و پۆلیس بەجل و بەرگی مەدەنییەوە لە سەرتاسەری شارەکەدا دەبینرێن".

 

چارەنووسیان نادیارە
"ب.م" پارێزەرە لە شاری جوانڕۆ، باسی لە فشارە دەروونییەکانی شارەکە کرد و وتی: "کەسوکاری زۆربەی خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراو ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن و هەواڵی خۆیان لەگەڵ میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە، لە مانگی چوارەمی خۆپیشاندانەکاندا زیانێکی زۆر بەر شارەکە گەیشت، بەهۆی گەمارۆوە هیچ هاتن و چوونێکی کەلوپەل نییەو نرخ زۆر بەرزە و هەژاریی و خۆراک ژیانی خەڵک قورس دەکات، لە هەمووی خراپتر ژن و منداڵ و پیاو دەستگیردەکرێن و چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریشیان نەزانراوە". 

 

خێزانەکان لێیان دەدرێت
دەرونناسێک بە ناوی "ن.ئ" وتی: "گەمارۆدانی شاری جوانڕۆ و بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی لەناو شارەکەدا بووە بە خەونێکی ڕەش بۆ دایکان و باوکان، ئەمە ڕێژەی زیادبوونی ژمارەی مردنەکان بوو هێزەکانی ڕژێم لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵان ژن و پیاو دەبەن، دایکان و باوکان کە تەمەنیان زۆرەو دەیانەوێت ڕێگری لەم کارە بکەن  لێیان دەدرێت".