ئیتاڵیا، بەپێی تۆمارەکان ساڵی ٢٠٢١ کوشتنی ژنان زیادیکردووە
تاوانەکان کە ژنان دەکەنە ئامانج، هێشتا دیاردەیەکی خراپە لە زۆربەی وڵاتان و نەبووەتە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لێی.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە وڵاتی ئیتاڵیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا بە ڕێژەی نزیکەی ٪١٦ زیادیکردووە، کە زۆرینەی حاڵەتەکان بۆ کوشتنی خێزانی دەگەڕێتەوە، داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا دوێنێ دووشەممە ١٥ی ئاب دەریانخست کە لە نێوان ١ی ئابی ٢٠٢١ بۆ ٣١ی تەمموزی هەمان ساڵ ١٢٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان ڕوویانداوە، پشتڕاستیش کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تاوانی توندوتیژی خێزانی گیانیان لەدەستداوە.
داتاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئیتاڵیا هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک دەکوژرێت، کە ١٠٨ کوشتن لە چوارچێوەیەکی "سۆزداری خێزانی"دا ئەنجامدراوە و ٦٨ ژنیش یان لەلایەن هاوژینی ئێستای یان لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژراون.
لە راپۆرتێکدا کە پەیمانگای ئەوروپی بۆ یەکسانی جێندەری لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا بڵاویکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە داتاکانی ساڵی ٢٠١٨، ئیتاڵیا لە کۆی ١٥ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە پلەی نۆیەمدا لە طووی ژمارەی کوشتنی ژنانەوە لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، لە پلەی دەیەمی حاڵەتی کوشتنی ژنانیش دایە بۆ کوشتن لەلایەن خێزانەوە.