نێرگز محەمەدی: ئیرەیم بە ئیرادەی زەینەب جەلالیان دەبرد

نێرگز محەمەدی لە پەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بە چەند ڕستەیەکی کورت دەربارەی ئیرادەی پۆڵاینی زەینەب جەلالیان دەڵێت: من ئیرەییم بە ئیرادەی دەبرد و بە هەموو ڕێزێکمەوە سەیرم کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ئاماژەدان بە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان و گفتووگۆکەی لەگەڵیدا لە ماوەی چەند ڕۆژی کۆتایدا، نێرگز محەمەدی، چالاکوان و پارێزەر، لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا نامەیەکی بڵاوکردەوە و دەنووسێت: "من هێشتا دەموچاوی ئەوم له‌ بیرە. چاوەکانی کاریگەر بوون و ئیرادەیەکی ئاسنی هەبوو و ئاخاوتنەکانی ورد و کاریگەر بوون و زیندانی بە واتایەکی هیچ لە قەڵەم دەدا، ئەو باسی ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ دایک و باوکیدا بۆ کردم، باسی ئەشکەنجەی ترسناکی زیندانیکردن لە زیندانی تاکەکەسیدا کرد".

 

لە نامەکەدا هاتووە، "زەینەب وتی کە هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ چوونە دەرەوە، کاتێک ژماردنی شەو و ڕۆژەکانم لێتێکچوو، بیرم دەکردەوە کە شەوە، دانەکانم دەشۆرد تا بخەوم، پاسەوانەکە دەرگاکەی کردەوە و وتی وەرە بڕۆین، وتم دەمەوێت بخەوم، پاسەوانەکە وتی وەرە. بە ڕاڕەوەکەدا چوومە خوارەوە و دەرگاکەم کردەوە، خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا بوو. تەنیا چەند ڕستەیەک بەس بوو بۆ من بۆ ئەوەی بزانم ئەشکەنجەی سپی مانای چییە؟".

 

لە درێژەی نامەکەیدا، نێرگز محەمەدی دەنووسێت: من ئیرەیم بە ئیرادەی ئەو دەبرد، بە هەموو ڕێزێکەوە سەیرم دەکرد، ژیانمان پێکەوە له‌گه‌ڵ یه‌ك له‌و‌ زیندانه‌ کورت بوو، من ئیدی ئه‌وم نەمبینییەوە. گوێبیستی فایلی دەنگی ئەم دواییە بووم، زەینەب بەهۆی ئەشکەنجەیەکی ترسناکی جەستەیی و دەروونییەوە توشی نەخۆشی بووە و ئەشکەنجەدەرانی مافی چارەسەرکردنیان ڕەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر ئەنجام بدەن، ئەو لە زیندانێکدا ڕاگیراوە کە هیچ پێداویستییەکی تێدا نییە و زەینەبیش پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.

 

نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە زیندانی قەرچک لە وارامین بەهۆی توشبوونی بە کێشەی هەناسەدان مۆڵەتی پزیشکی پێدرا و سەربەست کرا.

ت.پ