زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژران

ژمارەی کوژراوان و بریندارانی شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە بۆ ١٨٤هەمین ڕۆژی لەسەریەک گەیشتووەتە ١٢٠ هەزار کەس کە کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنن و ٪٧٢یان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی ناوەتە حەوتەمین مانگی، بە هەزاران کوژراو و بێسەروشوێن و قەیرانی مرۆیی و ئابووری دروست بووە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

ئەمڕۆ، دوای بۆردومانکردنی کۆمەڵێک دانیشتووی شاری زەهرا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هەروەها چەندین ناوچەی دیکەیان بۆردومانکرد، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری دیکەی لێکەوتەوە.

 

مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ٣٣ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی سەر بە کۆمەڵەکە دەرچوون.

 

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردوەتەوە کە شەوی ڕابردوو فیرقەی ٩٨ بە سێ لیواکەیەوە لە شاری خان یونس کشاونەتەوە دوای پێکدادانەکان کە ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوون و تەنها یەک فەوج ماوەتەوە کە کار بکات ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی غەززە بۆ باکووری ناوچەکان.

هێزه کانی ڕژێمی زایۆنی له بۆردومانی وشکانی، دەریا و ئاسمانی بۆ سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە ١٨٤ ڕۆژە بەردەوامن، لە ئەنجامدا ٣٣ هەزار و ١٣٧ هاوڵاتی سڤیل کوژراون بەشی زۆریان ژنان و منداڵانن.

 

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ٤ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان ئەنجامداوە و ٣٨ کوژراو و ٧١ برینداری لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار هێشتا لە ژێر داروبەردی ماڵەکاندان و تیمەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ناتوانن بگەنە دەستیان.

 

ژمارەی کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنەکانی کەرتی غەززە کە ماوەی حەوت مانگە گەمارۆ دراوە، گەیشتە ١٢٠ هەزار کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن کە ٪٧٢ یان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لە وێرانکردنی ماڵ و ژێرخانی غەززە، کە کاریگەری لەسەر زیاتر لە ٪٧٠ی بیناکان هەبووە.

 

ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان، بەهۆیەوە لەناو چادر و ناوەندەکانی پەناگەدا کە کەمترین پێداویستی ژیانیان تێدا نییە دەژین، هاوکات گەمارۆیەکی خنکێنەری سەپاند کە بووە هۆی قەیرانێکی مرۆیی و برسێتی بێ وێنە، بەتایبەتی لە باکووری غەززە.