توندوتیژییەکانی پۆلیسی وان دژی گەل ئاشکرا کرا

ڕێکخراوە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پەیوەست بە چالاکییەکانی وان، لە ڕاپۆرتێکدا پێشێلکاریی و توندوتیژییەکانی پۆلیسیان ئاشکرا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی مافی مرۆڤی سەندیکای پارێزەرانی وان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادیی، ڕاپۆرتی ڕەوشی وانیان ئامادە کرد، ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی چالاکییەکانی دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی وان.

 

ئاماژە بەوەکراوە، لە دەستوەردانی پۆلیسدا گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی توند و فیشەکی لاستیکی بەکارهاتووە و هاوڵاتییان برینداربوون و زۆر کەس دەستبەسەر کراون، پۆلیس هێزێکی زۆریان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان بەکارهێناوە، هێزەکانی ئاسایش بینای دەم پارتیان گەمارۆداوە و دەستوەردانیان لە خۆپیشاندان کردووە و بوونەتە هۆی برینداربوونی هاوڵاتییان.

 

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕێپێوانی هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان و گەلدا، چەندین کەس ڕووبەڕووی لێدان و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە، سەرۆکی لقی وانی ئیهەدە محەمەد ساڵەح جۆشکون ڕایگەیاند ئەم کارانە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی دیموکراتییانە کراون، هەروەها جەختکرایەوە لە ڕۆژانی داهاتوو، ڕاپۆرتی فراوانتر دەربارەی ڕووداوەکان دەخەنەڕوو.