لە کەرکوک ژنێک کوژرا و لە چەمچەماڵیش ژنێک برینداربوو

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری کەرکوک ژنێک لەلاین هاوژینەکەیەوە کوژرا، لە چەمچەماڵیش بەهۆی تەقینی بوتڵی غازەوە ژنێک برینداربوو.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوان و پیاوانی ناو خێزانەکانیان درێژەی هەیە و بەیانی ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی تسعینی کەرکوک، ژنێک بەدەستی ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، کوژرا، بکوژ لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە دەستگیر کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە خەڵکی بەغدا بوون و بە سەردان چوونەتە کەرکوک، بووەتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا پیاوە بکوژەکە هاوژینەکەی کوشتووە، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ و خەڵکی بەغدا و لە نەتەوەی عەرەبە.

 

لە لایەکی دیکەوە هەر بەیانی ئەمڕۆ، لە شارەدێی تەکیەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی بوتڵی غازەوە، ژنێک بریندار بوو، چەند بەشێکی لاشەی سووتاوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

 

بەپێی قسەی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، ژنەکە ویستویەتی غازی ماڵەکە دابگیرسێنێت، بەهۆی ئەوەی پێشووتر غازەکە لێچووە، ئاگری گرتووە، بەڵام تا ئێستا ڕاستی ڕووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.