ژنانی شەنگال: ناتوانن بەو هێرشانە ئێمە لەناوببەن
ژنانی شەنگال ڕایانگەیاند، کە هێرشەکەی دوێنێی ناوچەی سنونێ بەشێک بوو لە ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەم بە ئامانجی لەناوبردنی ئێزدییەکان و داوایان لە تەواوی کۆمەڵگای ئێزدی کرد کە لە دژی ئەو هێرشانە یەکبگرن.
شەنگال
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە چەکی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیاوە بینای ئەنجومەنی گەلی سنونێ و پەڕاوگە-قرطاسیەیەکی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا منداڵێکی ١٢ ساڵ و باپیری گیانیان لەدەستدا و ٦ کەسی دیکە برینداربوون.
ژنانی شەنگال هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە حکومەتی عێراق و پەدەکە بەرپرسیارن لە هێرشەکانی سەر شەنگال.
"حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە بەرپرسیارن"
زۆزان سمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، ئاماژەی بەوەدا ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی ئێزدیەکانە، وتیشی: ئەو هێرشە تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام نەدراوە، دەیانەوێت بەم هێرشانە ئێزدییەتی لەناوبەرن، چونکە ئەنجومەنەکە شوێنی هاتوچۆی خەڵکە، شوێنی چارەسەری کێشەکانی خەڵکە، هەموو منداڵەکانمان تێیدا بوون، دەبێت ئەو هێرشە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە ئەنجام درابێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو تەنها بەرپرسیارە لە هێرشەکە، حکومەتی کازمی و پەدەکەشی لەناودایە و بێدەنگی حکومەتی عێراقیش خراپەیەکی گەورەیە بەرامبەرمان.
نەعیمە خەلەف، دانیشتووی سنونێیە، ناڕەزایی خۆی لەو هێرشانە دەربڕی و وتی: "من زۆر تووڕە بووم لەو هێرشە، با بەڵای خۆیان لە ئێمە دووربخەنەوە، ئێمە هیچمان ناوێت و دەمانەوێت شەنگالەکەمان باش بێت و منداڵەکانمان نەبنە ئامانج، بەسە کە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک هەموو جارێک هێرش دەکەنە سەرمان، لێرە چی بوو کە هێرشی کرد؟ ئەوان هەموو ئێزدیەکانی ئێمە بوون ناتوانم لە تووڕەیی خۆم قسە بکەم".
جەکلین حسێن، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، لە کاتی هێرشەکەدا لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوو، وتی: فڕۆکە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک لە ئەنجومەنی گەلی سنونێیان دا و لە دوکانەکانی خەڵکیاندا، چییان لە ئێمەی ئێزدی دەوێت؟ بە فەرمانی ٢٠١٤ تێرنەبوون دەیانەوێت ئەو فەرمانە تەواو بکەن؟، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەکەوە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ شەهید بوو، ئەمە لە کوێ پەسەندە؟ ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە.