هاوکاری بۆ مەرەش نەنێردراوە و بەساڵاچووان لە شەقامدا ماونەتەوە
مەڕەش چەقی بوومەلەرزەکە بوو، زیانی گەورەی بەرکەوتوو چەندین باڵەخانە لەو شارەدا ڕووخاون و بە هەزاران کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوە هیچ هاوکارییەک نەگەشتووەتە ناوچەکە و بەساڵاچووان لە شەقامدا ماونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ناوچەی بازارجەی شاری مەڕەش چەقی بوومەلەرزەکە بوو، کە زیانی گەورەی لە شارەکە، باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا دا، مەڕەش کە زۆرینەی دانیشتووانەی کوردی عەلەوین، هەزاران باڵەخانە و بینا و خانوو ڕووخاون و خەڵک لەژێر دارووپەردوودا ماونەتەوە، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی زیاتر لە ٣٠ کاتژمێر بەڵام هاوکارییەکان وەکو پێویست نەگەشتوون و هەزاران کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، یەکێک لەو ژنانەی لە باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ڕزگاری بووە، پێڵاوی منداڵەکەی بەدەستەوەیە و هاواری ئەوە دەکات کە هاوکارییان پێنەگەشتووە و منداڵەکەی لەدەستداوە.
هاوکات لە ناوچەی ئادیامان لە کاتێکدا عەبدوڵا کۆچدپ، نوێنەری هەدەپە لە ناوچەکە باسی لەوەدەکرد هیچ لایەنێکی فەرمی و سەر بە دەوڵەت بە هانای خەڵکی ناوچەکەوە نەچووە، هاوڵاتیان خۆیان لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندان.
ژنێکیش دەڵێت، "هەموو منداڵەکانمان ڕۆشتن ئێمە چی بکەین، ئێمە تیاچووین، چوار کچم لەدەستدا، من چی بڵێم، چی بکەم".
سەرەڕای ئەوەی چەند کاتژمێرێک بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هەندێک شوێن هەن کە ئێشتا هاوکارییان پێنەگەشتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای هاوکاری دەکەن تا خەڵک بە هانایانەوە بچن.
لە خانەی بەساڵاچووانی گیوڤەن لە شاری مەلاتیاش، زۆربەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بەساڵاچووانەی لە خانەکەدان لە دۆخێکی سەختدان و چاوەڕێی هاوکارین.