نزمیی ئاستی ڕووباری فورات ژیانی دانیشتووانی ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە

داگیرکاری تورکیا هەموو شێوازێک پەیڕەو دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتەکان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەو پێیەی لە شەڕی سەربازی و سیاسی خۆی بۆ سەر ناوچەکە سەرکەوتوو نەبووە، ئێستا پەنای بردووەتەبەر گرتنەوەی ئاوی فورات.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- داگیرکاری تورکیا، بە گرتنەوەی ئاوەکانی ڕووباری فورات، دۆسیەیەکی دیکە زیاد دەکات بۆ تۆماری ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە دانیشتوانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراون، لە هەمان کاتدا، بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی لەو بارەوە لە ئارادایە.

 

لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تورکیا ئاوی ڕووباری فوراتی لە زەویەکانی سوریا گرتەوە، بەجۆرێک ئاستی ئاوی بەردراوە کەمتر بوو لە ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا پێشتر ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی دیمەشق و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا کراوە کە مەرجە سوریا لانیکەم ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاوی ڕووبارەکانی پێبگات.

 

لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٢ەوە، بەردانەوەی ئاوی ڕووباری فورات بۆ ئاستێکی ٤ مەتر و نیو کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەر سێ بەنداوی تشرین، فورات و حوریە کردووە، کە لەسەر ڕووبارەکە دروستکراون، لەگەڵ بەردەوامی پچڕانی ئاوی فورات بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، داگیرکاریی تورکیا هەڕەشە لە ژیانی زیاتر لە ٥ ملیۆن دانیشتووی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات کە پشت بە ئاوەکان ڕووباری فورات دەبەستن بۆ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان.

 

"ئامانجی تورکیە لەناوبردنی هەموو کایەکانی ژیانە لە ڕۆژئاوا"

سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات و کاریگەرییەکانی لەسەر بنەماکانی ژیان لەو ناوچانەی کە پشت بە ئاوەکەی دەبەستێت،خەلیسا حاجی عەبدولقادر، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە کانتۆنی کۆبانی لە دەڤەری فورات، خەلیسا حاج عەبدولقادر دەڵێت: داگیرکاری تورکیا بە هەموو شێوەیەک شەڕی دانیشتوانی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات لە پێناو لاوازکردنی ئیرادەیان و ئاوارەبوونیان، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە هێرشە سەربازی و سیاسیەکەی بۆ سەر ناوچەکان سەرکەوتوو نەبوو، پەنای بردە بەر گرتنەوەی ئاوی ڕووباری فورات، هەربۆیە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاودا، بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاستی ڕووبارەکە، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبینەوە لە دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵک.

 

سەبارەت بەو میکانیزمەی کە بۆ کەمکردنەوەی توندی ئەم کارەساتە بەکارهاتووە، خالیسە ڕوونی دەکاتەوە، "چەند مانگێک لەمەوبەر پەمپە ئاوییەکان بۆ ماوەی دە کاتژمێر بە بەردەوامی کاریان دەکرد بۆ ئەوەی ڕۆژانە خۆراک بە بەشێکی شارەکە بدەن، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکەدا، ژمارەی کاتژمێرەکانی پەمپکردن کەمکرایەوە بۆ پێنج کاتژمێر بۆ شارەکە و بە تێکڕا حەوت کاتژمێر بۆ گوندەکانی، جێبەجێکردنی ئەم پلانەش قورسە، بەو پێیەی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو زۆرجار دەکرێنە ئامانجی داگیرکاری تورکیا لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا.

 

"تورکیا بە بڕینی ئاوەکانی فورات ئامانجی نەهێشتنی ئیدارەی خۆسەرە"

سەبارەت بەو ئازارانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە بەهۆی بڕینی ئاوی فورات، خانم عەلی دەڵێت: نزیکەی ٣ ساڵە داگیرکاریی تورکیا ئاوی ڕووباری فوراتی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیوە، بە پێشێلکردنی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک چۆن تاوانی جەنگی بەرامبەرمان ئەنجام دەدات و لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشمان دەکات، هەموو جیهان لە بەرامبەر کارەکانیدا بێدەنگن، بەهۆی بڕینی ئاوەوە ژیان سەخت بووە، ئێمەش بەهۆی بڕینی ئاو و کارەباوە زیانێکی زۆرمان پێدەگات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، داگیرکاری تورکیا هەوڵدەدات ئیرادە و باوەڕی ئێمە بۆ پووچەڵکردنەوەی شۆڕشەکەمان و نەهێشتنی واقیعی خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نابێت و ئەم پلانەش شکست دەهێنێت، بەو پێیەی پلانەکانی پێشووی شکستی هێنا، چونکە دەزانین کە داگیرکەری تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوەوە لاوازمان بکات، ئێمەش ڕێگەی پێنادەین.

 

کەرتی کشتوکاڵ زۆرترین زیانی بەرکەوتووە

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دابەزینی ئاستی ئاو لەسەر کەرتی کشتوکاڵی گوندەکانی شاری کۆبانی، ئامینە شێخۆ لە گوندی کەبلیک، لە ڕۆژئاوای شارەکە ڕایگەیاند، "بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی ڕووباری فورات لە کۆبانێ کەمبووەتەوە، چونکە تورکیا ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە پشکی خۆیان لە ئاوی ڕووبارەکە بێبەش دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی بیرەکانی ناوچەکانی دراوسێ کە بۆ ئاودێریکردنی هەزاران دۆنم زەوی بەکاردێت لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، هەروەها بەشی کاتژمێرەکانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە کەمدەکاتەوە، کە بە بڕبڕەی پشتی ژیان دادەنرێت و هەموو پێکهاتەکانی پشتیان پێدەبەستێت و هەموو ئەمانەش بە ئامانجی ئاوارەکردنی خەڵکی ناوچەکە لە ماڵەکانیان.

 

هەروەها مەکیە شێخ دەمەر، هاوڵاتی، وتی: دوای ئەوەی داگیرکاری تورکیا نەیتوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنێت لەو هێرشە سەربازییانەی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا دەستیپێکردووە، دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی شێوازی تر و جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوونی کورد و ناسنامەی کورد، بۆیە گرتنەوەی ئاوەکانی ڕووباری فورات لە لوتکەی ئەم شێوازانەدا بوو بەهۆی کاریگەری زۆری ڕووبارەکە لەسەر ناوچەکە لە هەموو لایەنەکانییەوە، لەوانەش کشتوکاڵی و ژینگەیی و تەندروستی، وەک پەتا و نەخۆشییەکان کە لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە، کە نوێترینیان بووە کۆلێرا و چەندین نەخۆشی کە ژیانی دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها ئەو ناوچە کشتوکاڵیانەی کە پشتیان بە ئاوی ڕووبارەکە بەستبوو لە مەترسیدان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت هەموو جیهان بە چاوێکی مرۆییەوە سەیری دۆخی خەڵک بکات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا بهێنن، ئێمەش داوا دەکەین لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت.