٤٣٧ کەس لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێراندا کوژراون

چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی کوژراوانی شۆڕشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە ٤٣٧ کەس ڕاگەیاند و لەو ژمارەیەش ٦١ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکان بووەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بە تایبەت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران.

 

لەو بارەیەوە کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران ئاماری کوژراوانیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: لە ١٧ی ئەیلول تا ٢٢ی تشرینی دووەم، ٤٣٧ کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کە ٦١ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

 

هەرەها بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەر لەو ماوەیەدا ١٨ هەزار و ٥٥ کەس دەستگیرکراون و تەنها ناسنامەی سێ هەزار و ١٦٢ کەسیان ئاشکرا کراوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ، لە مانگی سێیەمی شۆڕشدا ١٥٥ شار ناڕەزایەتی تێدا بەڕێوەدەبرێت، ١٤٢ زانکۆی ئێرانیش بەشداری ناڕەزایەتییەکان بوون و لە نێویاندا ٥٤٩ خوێندکار دەستبەسەرکراون.