"دەیانەوێت ڕاستی لەناو تاریکیدا بشارنەوە"

سەرنوسەری کوردی ئاژانسی ژن نیوز مونەڤەر کارادیمیر و سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا دیجلە موفتی ئۆغڵو ئیدانەی دەستبەسەرکردن و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانیان کرد و وتیان: دەیانەوێت ڕاستی لە ژێر تاریکیدا بشاردرێتەوە.

ئامەد

 

لە ئامەد پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرت، هەریەک لە هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز، گوڵشەن کۆچۆک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا عەزیز ئۆروچ و ڕۆژنامەنووس عومەر چەلیک، سوعات دۆگوهان، ڕەمەزان گەجیکەن، بێریڤان کاراتۆراک، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک و زەینەل ئەبیدین بولوت و دەستگیرکران.

 

هاوکات کاتژمێر ٣:٠٠ی بەرەبەیان پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی ئاژانسی ژن نیوز و کەلوپەلەکانیان تێکداوە و کۆمپیوتەرێک و چەند ئامێرێکی دیکەیان دەستبەسەردا گرتووە، هەروەها ڕۆژنامەی یەنی یەشام و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی و چەندین پەرتوکی دیکەیان بردووە.

 

سەرنوسەری کوردی ئاژانسی ژن نیوز مونەڤەر کارادیمیر ئاماژەی بە بەردەوامی فشار و سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەوڵەتی تورکیا دا و وتی: ئەمڕۆ، زۆرێک لە هاوڕێیانی ڕۆژنامەنووسمان لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەرکران، بە ڕوونی دیارە فشار لەسەر میدیای کوردی زیادیکردووە، هاوسەرۆک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات، دیجلە موفتی ئۆغڵو چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دەستگیرکرا و ئازاد کرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٦ کەس بە بەڕێوەبەری ئاژانسەکەمان سەفیە ئەلئەگاش و سەرنوسەرمان گوڵشەن کۆچوک گیراون لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا هێرشکرایە سەر ئاژانسەکەمان و دەست بەسەر زۆرێک لە کەرەستە تەکنیکیەکانماندا گیرا".

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی: ئەم هێرشانە نە یەکەمن و نە دوا هێرش دەبن، ئێمەی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان بۆ ڕاستی، دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بەم سیاسەتانە ڕێگری لە کاری ڕۆژنامەنووسیمان بکەن.

 

دیجلە موفتی ئۆغڵو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات و سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئیدانەی دەستبەسەرکردن و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی کرد و وتی دەیانەوێت ڕاستی لەناو تاریکیدا بشارنەوە: ئێمە ئەم دۆخەش قبوڵ ناکەین، دەنگمان لەسەر ئەمە بەرز دەکەینەوە، هیوادارین سەرجەمی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین ئازادی ڕۆژنامەگەری و فکر بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەی ڕایگشتی مافی زانیاری بەدەستهێنانی هەبێت، دەبێت دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و لە پشتیوانیدا بن.