داوا دەکرێت چیتر چالاکوانان بێدەنگ نەکرێن
بە گردبوونەوەیەک ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانە مەدەنییەکان داوای ئازادکردنی چالاکوانان، شۆفێرانی تاکسی و دابەزاندنی نرخی سوتەمەنیان کرد، ڕاشیانگەیاند، چیتر دەسەڵاتداران لە بەرامبەر مافی خەڵکی بێدەنگ نەبن و تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، چالاکوانان، ڕێکخراو و گروپ و دەستەکانی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگا گردبوونەوە و تیایدا داوایان کرد کە نرخی سوتەمەنی بە گشتی و بەنزین بەتایبەت نزم ببێتەوە، هەروەها ئەو شۆفێرانە ئازاد بکرێن کە لە بەرامبەر داواکارییە سەرەتاییەکانیان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستگیرکرابوون.
لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش خوێندرایەوە بە ناونیشانی "بەڵێ بۆ ئازادی شۆفێرانی تاکسی و چالاکیە مەدەنییەکان" کە تێیدا چەندین ڕێکخراو و لایەنی سیاسی وەک "کەمپەینی داکۆکیکردن لە گیراوانی بادینان، تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی، سەنتەری میترۆ، ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی کوردستان، دەستەی دەستپێشخەری کۆنفڕانسی نیشتیمانی، لقی سلێمانی حیزبی زەحمەتکێشان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و بە دەیان چالاکوان و کەسایەتی سیاسی و ئەندام پەرلەمانان" پاڵپشتیان کرد بوو.
لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: بە بەرنامە هەوڵی نادیموکراتیانە هەیە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی سیاسی و هەڵسوڕانی ڕێکخراو و چالاکییە مەدەنییەکان و خۆهاوسەنگ کردن بە شێوازی حکومڕانی تاکڕەوی کە لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت، وەک ڕێگری دروستکردن لە بەرامبەر چالاکی شۆفێرانی تاکسی، ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی چالاکی بۆ ڕۆژی ئەنفال لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی و هەموو ئەو چالاکیانەی دژی لەشکرکێشی تورکیا ئەنجام دەدرێت.
هەر بۆیە ئەم کارانە پێچەوانەی یاسا و مافی مرۆڤە و هەڕەشەکردنە لە ئازادی کە جەماوەری هەژار و خەڵکی ئازادیخواز تاکە ڕێگەی کارکردنە بۆ گەشتن بە داخوازی و مافەکانی چالاکی و خەباتی مەدەنی.
لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکان کۆکرانەوە:
١-پشتگیری لە داواکاری شۆفێرانی تەکسی دەکەین کە نرخی بەنزین بکرێتەوە بە ٥٠٠ دینار.
٢- ئازادی و چالاکی مەدەنی مافی هەمووانە هیچ کەس و لایەنێک مافی ڕێگری کردنی نییە و ئێمە هیچ کات ناوەستین، بۆیە چی زووە شۆفێرانی دەستگیرکراو ئازاد بکرێن و قەرەبوو بکرێنەوە.
٣- هیچ کەسێکی سەربازی و هاوڵاتی مافی نییە ڕێگری لە چالاکی مەدەنی بکات، تەنها هێزی چالاکییە مەدەنییەکان نەبێت ئەویش لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی یاسا دیموکراتییەکان و لەکاتی کارکردنی فەرمیدا.
٤-داوکارین لە گەلەکەمان کە هۆشیارانە لە مەیداندا بن بۆ بەرجەستەکردنی ماف و ئازادییەکان، هەمووان ئاگادار دەکەینەوە لە بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکانمان ئەگەر ئازادیخوازان ئازاد نەکرێن.
"تاوانباران دەستگیر ناکرێن بەڵام ئازادیخوازان دەستگیر دەکرێن"
سۆنیا ئەحمەد وەک چالاکوانێکی مەدەنی باسی لەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین کوشتن و توندوتیژیکردن ڕوویداوە، بەڵام لە بەرامبەردا کەسانی تاوانبار دەستگیر ناکرێن.
وتیشی: ڕۆژانە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن یاخود کەسانی ئاسایی هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن وەک ئەو هێرشانەی کرانە سەر محەمەد زەکی، خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شەقامی بەختیاری، هیچکام لە تاوانباران دەستگیر ناکرێن و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێدەنگ دەبن لە ئاستیدا، بەڵام لە ئاست ئازادیخوازان و هاوڵاتیان بە هەڵوێستن و لەکاتی داواکردنی بچووکترین مافەکانیان دەستگیر دەکرێن.
سۆنیا ئەحمەد بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی دەزانێت بە دەم ئەم کێشانەوە بێن و چیتر ئازادیخوازان دەستگیر نەکەن و تا زووە هەوڵی ئازادکردنیان بدەن.