"ئێمە لەگەڵ دایکانی باشور لە دژی داگیرکاری و خیانەت دەوەستینەوە"

دایکانی شەهبا ڕایانگەیاند، کە لەگەڵ دایکانی باشوری کوردستان لەپێناو پاراستنی خاکەکەیاندا تێدەکۆشن، "ئێمەی دایکان دژی خیانەتی پەدەکە دەوەستینەوە و ڕێگری لە داگیرکارییەکان دەکەین".

شیرین عەلی

 

شەهبا- دایکانی کورد هەڵوێستی خۆیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان دەخەنەڕوو، بەو بۆنەیەوە دوێنی دایکانی ئاشتی لە سلۆپی باکوری کوردستان ڕێپێوانیان بەرەو ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان کرد و ئیدانەی هێرشەکانیان کرد.

 

هەروەها دایکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنن کە لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی دایکانی باشوری کوردستان دەکەن و ڕێگری لە داگیرکاریی دەکەن.

 

"ئەردۆغان بەپێی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ پەدەکە مامەڵە دەکات"

سدیقە ڕەشۆ، دایکی سەلیم مەحمود کە ٢٨ ساڵە لە زیندانی دەوڵەتی تورکیادا دەستگیرکراوە، ئاماژەی بەوەدا کە کانتۆنی شەهبا دژی داگیرکارییەکان دەوەستێتەوە و وتی: ئێمە هەرگیز هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان و دیواری شەرمەزاری نێوان شەنگال و ڕۆژئاوا پەسەند ناکەین، گەلی کورد وەک هەموو کۆمەڵگایەکی دیکە دەبێت مافی ڕەوای خۆی هەبێت، دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، ئێمە هەمیشە داوای ئاشتی و یەکسانی دەکەین بەڵام ماڵی بارزانی ناسنامەی ڕەسەنی خۆی لەبیرکردووە و دەستی داوەتە دوژمنکاری".

 

"لەگەڵ دایکانی باشوری کوردستان دژی داگیرکاری ڕادەپەڕین"

ڕەسمییە عەلۆش، دەڵێت کە هێرش بۆ سەر ڕۆڵەکانیان پەسەند ناکەن، "کاتێک دەڵێین گەلی کورد هەموو یەکن، دەبێت ماڵی بارزانی شەرم لە خیانەت و هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکات، ئەوانەی لە چیا ئازادەکاندا دەجەنگن بۆ پاراستنی خاکەکەیان ڕۆڵەکانمانن، بۆیە بە توندی ئیدانەی هێرشەکان دەکەین، دەوڵەتی تورکیا هێرشە نامرۆڤانەکانی بە بەرچاوی جیهانەوە دەکات و هیچ چارەسەرێکی گونجاویان بۆ نەدۆزیوەتەوە، ئێمە دایکانی گەریلا لێره‌وه‌ تا چیای ئازاد پشتگیری منداڵەکانمان دەکەین، داوا لە هەموو دایکانی گەریلا لە باشوری کوردستان دەکەم، کە بۆ ڕێگری له‌ داگیركاریی دژی خیانەتی پەدەکە بوەستینەوە و تێکۆشانمان زیاتر بکەین".

 

"ڕۆڵەکانمان لە مەیدانی جەنگدا بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە دەجەنگن"

خانم خەلۆ، وەک دایکێک پشتیوانی لە ڕۆڵەکانی کورد دەکات و دەڵێت: "ڕۆڵەکانمان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە لە مەیدانی جەنگدان، بە هێرشی نامرۆڤانە بۆ سەر هەرێمەکانی باشوری کوردستان دەیانەوێت گەلی کورد دابەشبکەن، عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هاوپەیمانەکانیەوە داگیرکراوە، دواتر بە هاوڵاتیانی سڤیلی ڕاگەیاند کە بگەڕێنەوە عەفرین شوێنی ئارامی و ئاسایشە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین کردەوەی نامرۆڤانە دەبنەوە، هەتا دڵۆپێک خوێن و هێز لە جەستەماندا هەبێت، لە پشت گەریلاکانمانەوە دەبین."