فۆزا یوسف: بڕیاری بەرخۆدانمان دا

فۆزا یوسف ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لەبارەی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی چەتەکانی جۆلانییەوە ڕایگەیاند، “حکومەتی کاتیی سووریا ڕادەستبوونی تەواوەتی لە ئێمە دەوێت و هیچ شتێک پەسەند ناکات هەر بۆیە ئێمە بڕیاری بەرخۆدانمان دا.

ناوەندی هەواڵ

 

فۆزا یوسف ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" تیشکی خستە سەر هەڕەشە مەترسیدارەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و داوای لە گەلی باشوور و باکووری کوردستان کرد، کە ڕوو لە سنوورەکان بکەن، بۆ هاوکاری و پشتیوانی گەلی ڕۆژاوا دەربازی ئەو بەشەی کوردستان ببن.

 

 وتیشی: حکومەتی کاتی هیچ شتێک پەسەند ناکات، تەنها دەیەوێت ئێمە بە تەواوی ڕادەست ببین، لەبەر ئەوە بژاردەی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە، هەروەها داوای لە خەڵکی ڕۆژاوا کرد، بەشداری لە سەفەربەریی گشتیدا بکەن، بە هەموو شێوەیەک خاوەنداری لە خاکەکەیان بکەن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری، ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد درووستکردووە.

لە دوای بانگەوازییەکەی فۆزا یوسف، گەل لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چەکیان هەڵگرتووە و بۆ پشتیوانی شەڕڤانان چوونەتە سەنگەرەکان.