دەنگدەرانی ژن لە کۆیە داوا دەکەن دەنگ بە بەربژێڕانی ژن بدەن

پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان  دەستی پێکرد و دەنگدەرانی ژن لە کۆیە داوا دەکەن، بۆ ئایندەیەکی باشتر دەنگ بە بەربژێرانی ژن بدەن.

کۆیە

 

ئەمڕۆ ٢٠ تشرینی یەکەم، کاتژمێر٧:٠٠ی سەر لە بەیانی، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار بازنەی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی پێکرد و تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لەم هەڵبژاردنەدا ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێری لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە ٨٢٩ بەربژێری پیاو و ٣٦٨ بەربژێری ژن لەخۆ دەگرێت.

 

بەپێی یاسای کۆتای ژنان لە هەر خولێکی پەرلەمانی هەرێمدا دەبێت ٣٠٪ کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان بێت، لەم هەڵبژاردنەشدا، کە کۆی گشتی کورسییەکان ١٠٠ کورسی پەرلەمانە، بەربژێرانی ژن ٣٠ کورسییان بۆ دیاری کراوە.

 

هاوڵاتیان لە شاری کۆیە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگدەرانی ژن داوا دەکەن، دەنگ بە بەربژێرانی ژن بدەن.

 

ژنێکی گەنج خوێندکار لە شاری کۆیە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بانگ لە ژنان و گەنجان دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەڵێت: لەم ڕۆژەدا وەرن دەنگ بە ژنان بدەن، بۆ ئەوەی لەناو دەسەڵات و پەرلەماندا مافی ژنان بپارێزن، داوا لە هەموو دایکان و خوێنداکاران دەکەم دەنگ بە ژنان بدەن، تا کۆتای ژنان لە ٪٣٠ بۆ ٪٥٠ بەرز ببێتەوە، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵگەن، هەموو هەوڵدانتان لە پەنای پێشکەوتنی ژنان بێت.

 

ژنێکی گەنجی دیکە لە دەنگدەران لە شاری کۆیە ئاماژە بەوە دەدات، ژنانی کورد هەر لە پێشەوە لە ناو شۆڕشەکاندا بوون و دەڵێت: ژنان لە هەموو پێگەکان ڕۆڵیان بینیوە و پێشەنگ بوون، داوا لە ژنان دەکەم، وەرنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە تایبەت لە ناوچە دابڕاوەکان دەنگ بە بەربژێڕانی ژن بدەن، بۆ ئەوەی کە مافی خۆیان وەربگرن.

 

پەیامی ئەم دەنگدەرە لە کۆتاییدا بەم شێوە بوو، "داوا لە هەموو ژنان دەکەم دەنگ بە بەربژێرانی ژن بدەن، بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا لە هەر بوارێکدا خزمەتێکی جوانی کۆمەڵگە و نیشتیمان بکەن. پێویستە ژنان پشت بە خۆیان ببەستن و یەکگرتوو بین، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشوە بچین و سەربکەوین.

 

بە گشتی لە هەرێمی کوردستان لە هەر چوار بازنەکەدا، ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ١٨٢ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کاتژمێر ٦:٠٠ ئێوارە بەردەوام بێت.