باوکێک و دوو کوڕەکەی لە بۆردوومانەکەی خەلەکاندا گیانیان بەختکرد

بە پێی زانیارییەکان لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای خەلەکان – کانی وەتمان باوکێک و دوو کوڕەکەی گیانیان بەختکرد، کە دانیشتووی شارەدێی حاجیاوان لە هەرێمی ڕاپەڕین.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنیی لەسەر ڕێگای خەلەکان – کانی وەتمان و بە دیارییکراوی لە نزیکی شارەدێی خەلەکانی سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی کرد.

 

بە پێی زانیارییەکان بەهۆی بۆردوومانەکەوە باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەولا ناسراو بە “موزەفەر مۆزۆ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر کە خەڵکی ناوچەی ناودەشت و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوان لە هەرێمی ڕاپەڕین، گیانیان بەختکرد.

 

مەڵبەند حەمەد خەلەکانی، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی شەهید سەباح لە خەلەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ناسنامەی گیان بەختکردووەکان پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: بە پێی ناسنامەکان شۆفێر و سەرنشینەکە باوک و کوڕن و پێدەچێت کەسی سێیەمیش لە هەمان خێزان بن.

 

بۆردوومانەکە کاتژمێر ٠١:٢٥ـی خولەکی ئەم نیوەڕۆیە بوو، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری توێتا لاندکرۆزەر بەئامانج گیراوە و بە تەواوی سووتاوە.

 

جێی ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و بۆردوومانەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان چڕ کردووەتەوە و جگە لە لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، کە بە قوڵایی ١٨٥ كیلۆمەتر هاتوونەتە خاكی عێراقەوە و زیاتر لە زیاتر لە چوار هەزار و ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق لە ژێر داگیركاریی توركیادایە، لە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا و عێراقەوە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەکاتە ئامانج و لە ناوچە گوندییەکانیش گوندنشینان دەکاتە ئامانج.

 

ئەمەش لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج و هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکریش بریندار بوو، هەروەها لە ٣ی ئەیلوولیشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.