لە عێراق پێشنیاری گۆڕینی ڕەنگی باڵەخانەكان دەكرێت بۆ ئەوەی تیشکی خۆر بدەنەوە
لە عێراق پێشنیاری گۆڕینی رەنگی باڵەخانەكان دەكەن بەو ڕەنگانەی كە تیشكی خۆر دەدەنەوە و بەرگری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەكەن.
ناوەندی هەواڵ
عێراق لەسەر ئاستی جیهان پێنجەم وڵاتە كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە زۆرترین كاریگەریی لەسەر دروست بووە و ڕۆژەکانی بە گەرمایەکی زۆر تێدەپەڕێنێت، بۆ کەم کردنەوەی ئەم کاریگەرییەش داوای گۆڕینی ڕەنگی شەقام و باڵەخانەکان دەکرێت کە توانای دانەوەی تیشکی خۆریان هەبێت.
ڕوانگەی عێراقێكی سەوز لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، هۆكارێكی بەرزی پلەكانی گەرما دەگەڕێتەوە بۆ ڕەنگی شەقام و باڵەخانەكان، كە ڕەنگیان ڕەش و سوور و زەردە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەندێک لە وڵاتان بۆ كەمكردنەوەی پلەكانی گەرما ڕەنگی شەقام و باڵەخانەكان دەگۆڕن بۆ ئەو ڕەنگانەی گەرمی كەم دەكەنەوە، وەك سپی و شینی ئاسمانی، هەربۆیە لە عێراقیش داوا دەکرێت ڕەنگی شەقام و باڵەخانەكان بگۆڕدرێن.