لە شەهبا کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە و ڕێگرییەکانی شام

لە شەهبا کە پەنابەری عەفرینی لێ دەژی، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بازاڕجیخی مەرەش چەندین خانوو ڕووخاون و خەڵک لەژێر چادردا دەژین، ڕێگری و گەمارۆکانی حکومەتی شامیش لەسەر هەرێمەکە بەردەوامە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ڕۆژی ٦ی مانگ بوومەلەرزەیەک لە ناوچەی بازەرچیخی مەرەش بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ ڕوویدا، ئەم بوومەلەرزەیەش کاریگەری لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستکردووە و زیانیکی زۆری لێکەوتەوە، لە کانتۆنی عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم ژمارەیەش لە زیادبووندایە و هەزاران کەس لە ژێر بیناکاندا بێسەروشوێنن.

 

لە کانتۆنی شەهبا کە ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی سوریا ڕێگەی نەداوە هیچ پێداویستییەکی ژیان بچێتە ناو هەرێمەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر ناوچەکە شەڕی بینیوە چەندین خانوو زیانیان بەرکەوتووە، چونکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چەندین خانوو وێران بوون و لە ئەنجامدا ١٠ کەس برینداربوون، هەزاران هاوڵاتی حەلەب، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ سەلامەتی بەرەو کانتۆنی شەهبا بەڕێکەوتن.

 

ماڵەکان لە شەهبا زیانیان پێگەیشتووە

مەیاسێ عەبدۆ، باسی لەو دۆخە کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە خەڵک لە شەهبا پێیدا تێپەڕدەبێت و وتی: ئێمە لە عەفرین کۆچمان کردووە و لە شەهبا نیشتەجێ بووین، شەهبا ئەو ناوچەیەیە کە پێشتر شەڕی تێدا ڕوویداوە و زیانی زۆر بە ماڵەکانی گەیشتووە، خەڵکەکە لە خانووە وێرانکراوەکاندا دەژین، هەموو خانووەکانی ئێرە بەهۆی هێرشەکانەوە خراپ بوون، بەهۆی بومەلەرزەکەوە چەندین خانوو وێران بوون و لە ئەنجامدا خەڵک بریندار بوون، خەڵکی حەلەب هاتنە لای ئێمە و هاوکاری یەکتر دەکەین و لە شوێنە ئارامەکاندا نیشتەجێیان دەکەین.

 

ڕێگری و گەمارۆ بەردەوامە

فەهیمە حەنان، باسی لەوە کرد کە گەمارۆکانی حکومەتی شام لەسەر هەرێم هێشتا بەردەوامی هەیە، لەبارەی کارەساتی بومەلەرزەکەوە وتی: "بەهۆی ئەوەی شەهبا ناوچەیەکە جەنگ زیانێکی زۆری بە جوگرافیاکەی گەیاندووە، بەتایبەتی ماڵەکان وێرانکراون و خراپ بوون، خەڵک لەو ماڵانەدا نیشتەجێ بوون، هەروەها بوومەلەرزەکە خانووی وێران کردووە خەڵکەکە چیتر ناوێرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە هەتا بەیانی لە دەرەوە لە سەرمادا دەژین و هەندێکیش لە ئۆتۆمبێلدا دەژین".

 

"خەڵکی شەهبا دەرگایان بۆ ئێمە کردەوە"

حەنیفە عارف کە خەڵکی حەلەبە و بەهۆی مەترسی بوومەلەرزە چووەتە شەهبا و وتی: "ئێمە لە شێخ مەقسود نیشتەجێ بووین، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەوە هاتینە چادرەکانی شەهبا، چونکە لە حەلەب بینا هەیە و وێران بوون بۆیە ئێمە ماڵەکانمان جێهێشتووە، لەخەو هەستاین و بینیمان ماڵەکە بەسەرماندا دەڕوخێت، منداڵەکانمان ڕزگار کرد و ماڵەکەمان بەجێهێشت، سوپاسی گەلەکەمان دەکەین لە شەهبا بۆ پێشوازیکردنمان و کردنەوەی دەرگایان بۆ کردینەوە، شەهبا مەترسیدارە، بەڵام وەک شارەکان نییە".