تورکیا و ئێران سنوری برادۆست بۆردومان دەکەن

لە درێژەی داگیرکاری و هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەریەک لە توركیا و ئێران بۆردومان و تۆپبارانی سنوری برادۆست دەكەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ هەشتەم ڕۆژ لەسەریەک و لەبەیانی ئەمڕۆوە، ١ی تشرینی یەکەم تۆپخانەكانی ئێران دەرهۆڵ، بەنێ و بەرچیخە، بەرزاییەکانی سەقەڕ و بەربزینی لە دەڤەری برادۆستی لە سنوری هەولێر تۆپباران دەکات و تا ئێستا بەشێوەیەكی چڕ بۆردومانەکان بەردەوامە، زیانە گیانی و ماڵیەکان نەزانراون.

 

لە بەردەوامی تۆپباران و بۆردومانەکاندا، بەرپرسانی ئێران بۆ میدیاکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە هێرشەکان بە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و ئاگاداربوون.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی داگیرکەری توركیا، ناوچەكانی ڕۆبی ڕواڵ و گەلی ڕەش و تارستان و كەم كۆرا بۆردومان دەكەن.