ئەنجومەنی عەشتار کوشتنی ئاخینی بچوکی شەرمەزار کرد

ئەنجوومەنی عەشتار لە کامپی ئاوارەکانی مەخمور بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کوژرانی منداڵێکی ئێزدی و فاروق میرزا خەلەفی باوکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی کوشتن و سوتان و تاڵانکردنی خەڵکی ئێزدی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان درێژەیەکە لە فەرمانی ٧٤.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٥ی ئابی ٢٠٢٢، ئاوارەیەکی ئێزدی بە ناوی فاروق میرزا خەلەف تەمەن ٤٢ ساڵ و کچە تەمەن ٦ ساڵەکەی بە ناوی ئاخین، کە خەڵکی شەنگالن و دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ لە کامپی چەمیشکۆی زاخۆ نیشتەجێ بوون، لە شارۆچکەی زاخۆ بێسەروشوێن بوون.

 

ڕۆژی ٨ی ئاب تەرمی فاروق میرزا لە گەڕەکی بێدار لە زاخۆ دۆزرایەوە، بەڵام چارەنووسی کچە تەمەن ٦ ساڵەکەی نەزانرا. دوای چەند ڕۆژێک، کاتێک تەرمی ئاخین دۆزرایەوە، شوێنەواری ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بەسەر جەستەیەوە دۆزرایەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک، بکوژی باوک و منداڵە بچووکەکە دەستگیرکراون و بکوژەکەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 

ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی ئاوارەکانی مەخمور بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە کوشتنی ئاخین و باوکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا دوای هێرشی داعش شەنگالییەکان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە نیشتەجێ بوون، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا دەیان جار سوتانی کامپەکەکان و کوشتنی ناڕوون ڕوودەدەن و چەندین کەسیش ژیانیان لەدەستداوە، ئەوانەی کوژراون یان خۆیان کوشتووە زیاتر منداڵ و ژنن.

 

هەروەها هاتووە، کوژرانی ئاخین و باوکی لەلایەن پەدەکەوە وەک ڕووداوێکی گشتی و کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە. ئێمە وەک ڕێکخراوێکی ژنان دەزانین کە ئەم فەرمانە و هەموو فەرمانەکان لەسەر ژن و منداڵەکانمان بە هەمان هۆشیاری کۆمەڵکوژی ٢٠١٤ی ژنانی شەنگال جێبەجێ دەکرێت، دیارە ئەم کەسە یان گروپە بکوژی گەل و ژن و منداڵی کوردە، دەگوترێت ئەو باندەی بکوژی ئاخینە، پێشتر دوو کچی خەڵکی عەفرینیان ڕفاندبوو و دەستدرێژییان کردە سەریان، کە بە هۆی زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوون لە باشوور بژین و لە شەقامەکانی هەولێر کلێنس دەفرۆشن.

 

ئێمە وەک ئەنجومەنی عەشتار بە ناوی هەموو ژنانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، هەموو ئەو کارانەی بەرامبەر منداڵ و ژنان و دانیشووانی کامپەکان دەکرێت و پیاوانی بکوژ و خیانەتەکانی پەدەکە شەرمەزار دەکەین، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە شەڕ دەکەین بۆ ئاشکراکردنی ئەم بکوژانە، داوش لە خەڵکی ئێزدی دەکەین بگەڕێنەوە شەنگال و پەیوەندی بە کۆمەڵگەکەیانەوە بکەن.