کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: دەنگی قارەمانێتی هێشتا بڵاودەبێتەوە

بە بۆنەی ١٠ەمین ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانێ، ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەڵێنی بەرخۆدانی نوێکردەوە و ڕایگەیاند: "دوای ١٠ ساڵ هێشتا دەنگی قارەمانێتی دەنگدانەوەی هەیە".

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی ١٠ەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە تیرۆری داعش لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا و دوای بەرخۆدانێک کە ١٣٤ ڕۆژی خایاند. ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هەموو پاکڕەوانی ئەم بەرخۆدانەمان بەبیردەهێنینەوە کە خاکی کۆبانێیان کردە شوێنی هیوا و ئازادی".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ١٠ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی بەرخۆدان تێدەپەڕێت، بەڵام قارەمانێتی ئەوان هێشتا لە شەقامەکانی جیهاندا دەنگ دەداتەوە. "لەو ڕۆژە سەختانەی داعش هێرشی دەکرد، شەڕڤانانمان بوونە قەڵغانی گەلەکەیان و خاکەکەیان پاراست و بە خوێنی خۆیان داستانی مێژووییان دەنووسی".

 

"ژنانی کۆبانی بوونە خوڵقێنەری ژیان"

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، جارێکی دیکە بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، "ئەمڕۆ بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، گەل و شەڕڤانانمان جارێکی دیکە بۆ جیهان دەسەلمێنن دژی هێرشەکانی داگیرکەر ئاگری بەرخۆدان هەرگیز ناکوژێتەوە. بە قارەمانێتی خۆیان، داستانی مێژوویی لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ دەنووسن. ژنانی کۆبانێ بە هێز و ئیرادەی خۆیان، بۆ جیهانیان سەلماند کە ژن ئافرێنەری ژیانە، ئەوان بە بەرخۆدان و خەباتەکانیان ڕێگەی داهاتوویان نیشان داین".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا بەڵێنی خۆی نوێکردەوە بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازی ئازادی و ڕایگەیاند: ئێمە هێز و مۆڕاڵی خۆمان لە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ وەردەگرین و ئەمڕۆش بەم ڕۆحەوە بەرخۆدانێکی مێژوویی جارێکی تر لە بەنداوی تشرین دەنووسرێتەوە، لە یادی ١٠ ساڵەی ڕزگاری کۆبانێدا، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێگای ئازادی و بەردەوامیدان لە بەرخۆدان تا سەرکەوتن بەدەست بهێنین و پێمان وایە بە دڵنیاییەوە دادپەروەری بەسەر ستەمکاریدا سەردەکەوێت.