کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی لە سودان بەردەوامە
لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوودەدات، لە ئەنجامی ئەو ململانێیانەدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی ١٤ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بوون.
سودان
لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر ناوچەی ئەبو عەشەری سەر بە پارێزگای جەزیرە لە سودان، ٦ کەس گیانیان لەدەستداو دەیان کەسیش بریندار بوون کە هەندێکیان برینیان سەختە،
بەگوێرەی پلاتفۆرمی کۆنفرانسی ئەلجەزیرە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر ماڵە مەدەنییەکان و ژنان و منداڵان و بکەسانی بەتەمەنیان کردە ئامانج. هەروەها هەموو ماڵەکانیان وێران کردووە و دزییان کردووە، هاوڵاتیان بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیان دەرکران، هەموو مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا و ماڵە مەدەنییەکان سووتاون.
لە شاری ئەلکامیلین سەر بە پارێزگای جەزیرە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە کاتی هێرشکردنە سەر خاڵێکی تەندروستی، پزیشکێکی ژن و هاوڵاتییەکیان ڕفاند.
هەروەها پلاتفۆرمی نیدا ئەلوەسات دوێنێ ١٨ی کانوونی دووەم، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بەم ڕووداوە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە ئەم ڕووداوە دوێنێ ڕوویداوە، کاتێک هێزەکانی پشتیوانی خێرا خاڵێکی تەندروستییان کردە ئامانج و پزیشکێکی ژن و هاوڵاتییەکیان ڕفاندووە، ئەم هێرشانە بەردەوام لە ناوچەکە ڕوودەدەن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن.
پلاتفۆرمەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دەستوەردان لەو کارانە بکەن و دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن، لە هەمانکاتدا دەبێت بکوژەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ڕفاندنی پزیشکێکی ژن، هەروەها پێویستە ئاسایش و سەقامگیری هەرێم بپارێزرێت.