شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا سەردانی شوێنی بە ئامانجگرتنی گوڵستان و هێرۆیان کرد

شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە لە ئەوروپاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان سەردانی بنەماڵەی هێرۆ بەهادین و شوێنی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد، ئامانجیانە دۆسیەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بکەنە نێودەوڵەتی.

سلێمانی

 

شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە چەند ڕۆژێکە لە ئەوروپاوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە و ئەمڕۆ، سەردانی شوێنی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد، کە لە ٢٣ی ئابدا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ڕێگای سەیدسادق-هەڵەبجە کرانە ئامانج و تیایدا ڕێبین بەکر، مۆنتێری کۆمپانیای چەتریش بریندار بوو.

 

لە شوێنی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی کۆمپیانیای چەتر، دلێر سۆرانی ئەندامی شاندەکە وتی: ئێمە كۆمەڵێك لە ڕۆژنامەنووسانی كورد و ئەورووپین لە برۆكسل و نەرویج و ئەڵمانیا و فەڕەنساوە هاتووین، ڕاپۆرت دەنووسین، لەسەر ڕووداوەكە دواتر بەرزی دەكەینەوە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان بە ڕێگای یاسای تایبەتی خۆی.

 

هەروەها شاندەکە ئاماژەیان بەوەدا، ئەو دیكۆمێنێت و بۆچوونانەی كۆدەكرێتەوە، دەیكەن بە كەیسێكی گەورە و گرنگ، دەیبەینە دادگاكانی نێودەوڵەتی جیهانییەوە و دەیكەنە كەیسێكی نێودەوڵەتی، داواش لە بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە کرا، شوێنی بۆردوومانەکە بکەن بە مۆنۆمێنتێک.

 

هەروەها پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ٧ی تشرینی یەکەم، شاندەکە سەردانی بنەماڵەی هێرۆ بەهادینیان کرد و لە نزیکەوە هاوخەمی خۆیان دەربری و ڕایانگەیاند، کە وەک ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی کوردستان و بە تایبەت ئەوروپا کار دەکەن کە کەیسەکە بکەنە نێودەوڵەتی و کار بۆ ڕاگرتنی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان دەکەن. پاشان سەردانی مەزاری هێرۆ بەهادین کرا.

 

دوا بەدوای ئەوە شاندەکە سەردانی ڕیبین بەکر، مۆنتێری کۆمپانیای چەتر و یەکێک لە بریندارەکانی ڕووداوەکەیان کرد و هیوای زوو باشبوونەوەیان بۆ خواست.