لە ئامارێکدا مەترسیەکانی منداڵبوونی ژنانی خوار ١٨ ساڵ خرایەڕوو

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون ئاماری سەبارەت بە منداڵبوونی ژنانی خوار ١٨ ساڵ خستەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری سلێمانی، شلێر فایەق، پزیشکی ژنان و منداڵبوون و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی ئامارێکی سەبارەت بە مەترسییەکانی منداڵبوونی ژنانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ خستەڕوو.

 

شلێر فایەق ڕایگەیاند، "جەستەی کچێکی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ هەرچەندە لە سوڕی مانگانەشدا بێت، پێنەگەیشتووە، هەر بۆیە جەستەی کچێکی تەمەن ٩ ساڵ ئامادە نیە بۆ دووگیانی و هێشتا هێلکەدانانی پێنەگەیشتوون، لەم حاڵەتەدا ئەگەر دووگیان ببێت ئەگەری لەبارچوون زۆرتر دەبێت و هەروەها دەبێت لە دوای منداڵبوونیش دووچاری کێشەی وەک خەمۆکی ببێت".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "باشترین تەمەن بۆ دووگیانی بوون بۆ ژنان لە نێوان تەمەنی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵییە، هەر بۆیە ئێمە وەک بەشی تەندروستی ناڕەزایەتی خۆمان لە دژی هەموواری ئەم یاسایە دەردەبڕین و ئەگەر لە داهاتوودا ئەم هەمووارە پەسەند بکرێت، کاریگەری دەبێت لەسەر کارەکانمان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ساڵی ٢٠١٦ و دوای هاتنی داعش و قەیرانی ئابووری ئاماری ئەو ژنانەی کە لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ هاوسەرگیری پێشوەختەیان کردووە و دووگیانن لە زیادبوون دایە، ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لەناو خەڵکی ڕاگوێزراو و عەرەب دەبینرێت، بەڵام لێرەێش هێواش هێواش وەک دیاردەیەکی لێدێت، هەروەها حاڵەتی لەبارچوون و ناکامی لەو ژنانە زۆرترە.