"ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی لاوازی ڕژێمە"

مەجدە ک.، چالاکوانی مەدەنی و شارەزای زانستە سیاسییەکان دەڵێت: ڕژێمی ئێران بە مەبەستی لاوازکردنی ڕاپەڕین هەوڵدەدات دووبەرەکی لە نێوان کورد و تورکەکانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات.

"ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی لاوازی ڕژێمە"

یارا ئەحمەدی

 

نەغەدە- نەغەدە شارێکە بە دووری ٩٥ کیلۆمەتر لە پارێزگای ورمێ، ڕێگەی پێکەوە بەستنی شارەکانی میاندوئاب بۆ شنۆ، ورمێ بۆ مهاباد، پیرانشار بۆ میاندوئاب و تەبرێزە، پاشخانێکی سیاسی دیار و بەرچاوی هەیە، ڕژێمی پەهلەوی و ڕژێمی ئیسلامی ڕژێمەکانی دیکە گرنگییەکی تایبەتیان بەم ناوچەیە داوە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" خەڵکی شاری نەغەدە بەشدارییان کرد، بەڵام بەهۆی ئەو دووبەرەکییەی لە نێوان کورد و تورک کە ڕژێم دروستی کردووە، خەباتەکە بە خێرایی سەرکوت کرا و یەکگرتوویی لەنێو دانیشتوواندا بەدی نەهات، هەرکاتێکیش دانیشتووانی شارەکە یەکگرتوو بوونایە، لەلایەن ڕژێمەوە شکستی پێدەهێنرا، چونکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی لاوازی ڕژێمە. ئەوەی یارمەتی ڕژێمیدا زیاتر شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو ترس و بێمتمانەییە بوو کە لە نێوان کورد و تورکەکانی دانیشتووی شارەکەدا چاندبووی.

 

مەجدە ک. چالاکی مەدەنی و شارەزای زانستە سیاسییەکانە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا باسی لە دۆخی شاری نەغەدە کرد و وتی: زۆرێک لە بازرگانان و خاوەن دوکانەکانی کورد لە شاری نەغەدە پەیوەندییان بە مانگرتنەکانەوە کرد، بەڵام لە ناوچەکانی تر خاوەن دوکانەکان بەشداری مانگرتنەکەیان نەکرد، ئەمەش بەهۆی  ئەو دابەشبوونەوە بوو کە ڕژێم لە نێوان کورد و تورکی دانیشتووی شارەکەدا دروستی کردووە.

 

مەجدە ئاماژەی بەوەشکرد، "کورد هەستی بەم هەڵاواردنەی ڕژێم کرد و بێ گوێدانە ئەو دووبەرەکییە بەشداری مانگرتنی کرد، چونکە ڕژێم بە ئەنقەست شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکات و بە قورسترین چەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە تۆپ و تفەنگ و تانک خەڵک دەکوژێت. هەر بۆیەش مانگرتنەکان لەم ناوچانەدا بەربڵاوتر بوون.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە خستیەڕوو کە زۆربەی بەرپرسانی ڕژێم تورکن، بۆیە دەترسن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و چوونە پاڵ کەسانی تر، ئەمساڵ شاهیدی ململانێی گەورە بووین لە شارەکانی وەک تەبرێز و ئەردەبیل، خەڵک بەتایبەت خاوەن دوکانەکان لە ڕۆژی ساڵیادەکەدا ناڕەزایەتی خۆیان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی قارەمانانە نیشاندا، چونکە ئازادی بەشێکی جیانەکراوەیە لە چارەنووسی گەلانی ئێران.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.