فێمینیستە لوبنانییەکان دەیانەوێت یاساکانی بارودۆخی کەسی بگۆڕن

ئەو ژنانەی کە لە بواری کاری فێمینیستیدا ناوبانگیان هەیە، ڕایانگەیاند، ٨ی ئادار ڕۆژێک نییە بۆ ئاهەنگگێڕان بە دەستکەوتەکانی ژنان، دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەی خەباتی ژنان لە مێژوودا و داوای مافەکانیان.

سوزان ئەبو سەعید

 

بەیروت- ژنانی لوبنانی دووپاتیان کردەوە کە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەی خەباتی سەدان ساڵەی ژنان، بەتایبەت ژنانی لوبنانی کە لە مێژووەوە داوای مافە یاساییەکانی خۆیان دەکەن.

 

"ناوی کچی پاشای شاری سۆر لە ئەوروپا دراوە"

مەها خەلیل شلبی، باڵیۆزی نیازپاکی یونیسکۆ وتی: ناوی زۆرێک لەو ژنانەی کە ڕۆڵیان لە مێژوودا بەنرخ بوو هاتە پێشەوە، لێرەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ مێژووی شاری سۆر، کە من خەڵکی ئەوێم، دوو ژن لە سۆر جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی شارستانیەت و گەلان بەجێهێشتووە، یەکەمیان ئەوروپایە، کچی پاشای سۆرە، لە کەناری شاری سۆرێوە دەستی پێکردووە و بە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی خۆی سەلماندووە، بۆیە ناوی کیشوەری ئەوروپای لێنراوە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە مێژوودا بینیویەتی، ژنی دووەم ئەلیسا کچی مەلیک سۆر.

 

مەها شلبی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ڕۆڵی ژنان زۆر گەورەیە، بەتایبەتی لە مێژووی ڕابردووی لوبناندا، ژنانی لوبنانی پەیوەست بوون بە شۆڕشی ٢٠١٩ و سەلماندیان کە دەتوانن لە ناوەندەکانی بڕیاردان ڕۆڵێکی باش بگێڕن، لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا هیوادارن ژنانی لوبنان هەموو مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەش دەبێت هاوکاری هەبێت، ژنانی لوبنان و جیهان پێویستیان بە پشتیوانی و خەباتی هاوبەش هەیە.

 

"لە لوبنان کەموکوڕی لە یاساکانی مافی ژناندا هەیە"

فەریدە مەلحم رەیس سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی هاوڕێ، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ژنانی لە سەرجەم ژنان کرد و وتی: بەو هیوایەی هەموو ژنان مافەکانیان بەدەست بهێنن، کەموکوڕی لە بواری مافەکانی ژنان لە لوبنان هەیە، بەتایبەتی لە بواری یاساکاندا، داوا لە حکومەت دەکەم مافی ژنانی لوبنان بدات و هاوسەرگیری کچانی منداڵ قەدەغە بکات بۆ ئەوەی هیچ دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا نەبێت. هەروەها هەمواری یاساکانی ژنان و هەندێک لە بڕگەکان بکرێتەوە، کە لە دژی ژنانە، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بە بەشداری ژنان لە چالاکییە سیاسییەکاندا.

 

لەگەڵ ئەنجومەنی ژنانی عەرەب هەوڵی بەهێزکردنی ژنان لە هەموو وڵاتان دەدەن

لینا دەغلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی عەرەب، وتی: لە ڕێگەی کارەکانم لە ئەنجومەنی ژنانی عەرەب، داوام لە هەموو ئەندامان کرد کە ژنان لە هەموو وڵاتان بەهێزتر بکەن و پاڵپشتییان بکەن و دامەزراوەی ژنان بنیادبنێن و دەست بە پڕۆژەی بچووک بکەن و گەشە بکەن.

 

ئەوان هەلی کار لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیە دەڕەخسێنن کە لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە

ئەمال رەیس، سەرۆکی کۆمەڵەی نامە کۆمەڵایەتییەکان لە عالیە، وتی: لە ڕێگەی کۆمەڵەی نامە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە، هەوڵدەدەین دەرفەت بۆ کاری بەرهەمدار بۆ ژنان بڕەخسێنین و هاوکاری ژنان بکەین بۆ بەشداریکردنی چەندین چالاکیی کولتووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکە.