"چالاکییەکانی مرۆڤ مەترسی لەسەر ژینگە دروستدەکات"

دواين گۆڕانکارییەکانی  کەشوهەوا و کاریگەریان لەسەر مرۆڤ لە پانێڵێکدا باسی لێوەکرا، شارەزایەتی بواری کشتوکاڵیش دەڵێت: هەڵە بەکارهێنانی ژینگە و ئاژەڵەکان لە جیاتی سود، زیان بە ژینگە و مرۆڤ دەگەیەنێت.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆنۆمێنت لە شاری هەڵەبجە، بە هاوبەشی زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی تەکنیکی زانستە پراکتییەکانی هەڵەبجە و بەشی کارگێڕی پرۆژە کشتوکاڵییەکان  پانێڵێکیان بە ناونیشانی "گۆڕانکاری کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و مرۆڤ" سازکرد و تێیدا باس لەو کێشە ژینگەییانە کرا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبوون و کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤ، ژینگە، ئاو و هەوا، کشتوکاڵ و تەندروستی بەجێدەهێڵن.

 

سەحەر حسێن، سەرۆک بەشی کشتوکاڵ لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەڵەبجە باسی لە زۆر بەکارهێنانی سووتەمەنی و وزە و گاز کرد، کە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و هەوڵی مرۆڤ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و تەکنەلۆجیا و برینی دارستانەکان، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و مەترسییە بۆ سەر گۆی زەوی، وتیشی؛ بەپێی نوێترین توێژینەوەکان گۆرانی کەشوهەوا مەترسییە لەسەر زەوی و تا ساڵی ٢١٠٠ بە نزیکەیی پلەی گەرمی زەوی ٤ پلە بەرز دەبێتەوە، لە ئێستاشدا ١.٢ پلە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 

سەحەر حسێن باسی لەوەشکرد، ئەگەر مرۆڤ چالاکییەکانی بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گازە زیانبەخشەکان زیاتر دەبێت و گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەرگە هەوای زەوی دەگرێت و زیانیکی زۆر بەر ژینگە و کشتوکاڵ دەکەوێت.