سەدان کەس لە کامپی هۆلەوە بۆ عێراق گەڕێندرانەوە

لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کامپی هۆل، حکومەتی عێراق ١٥٤ خێزان کە پێکهاتوون لە ٥٨٢ کەسی ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە بۆ سەنتەری چاکسازی جەدعەی یەک.

ناوەندی هەواڵ

 

کامپی هۆل، کە مەترسیدارترین کامپی جیهانە، لە ڕۆژئاوای شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانە، خێزانەکانی داعش لە نەتەوە جیاوازەکان و چەند خێزانێکی عێراقی تێیدا دەمێننەوە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٢٠٥ خێزان، نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی لە خێزانی چەتەکانی داعش تێدایە، کامپەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدەوە دەپارێزرێت.

 

هەندێک لە وڵاتان گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان، کە لە چەتەکانی داعشن، دەستپێکردووە، یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە، ١٥٤ خێزانی پێکهاتوو لە ٥٨٢ کەس  لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە بۆ سەنتەری چاکسازی جەدعەی یەک.

 

فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە لە کامپی هۆڵەوە بۆ عێراق، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنەوە و ئامادەسازیی و یەکخستنەوەی دانیشتوانی عێراقی لە کامپی هۆڵەوە بۆ زێدی پێشووی خۆیان.

 

هاوکات، دەستخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات– هەسەدە دەکات لە پاراستنی کامپەکەدا.