دوای نزیکەی ٢٠٠ کاتژمێر بە زیندووی چەندین کەس ڕزگار کران

ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لەدوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بەردەوامە و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٨٠ کاتژمێر چەندین کەس بە زیندووی ڕزگارکران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر وێرانەکاندا ماون، بەردەوامە و تا ئێستا سەرەڕای ساردی و تێپەڕینی ٩ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا، بەرخۆدیری مرۆڤ بۆ مانەوەی لە ژیاندا وایکردووە دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٨٠ کاتژمێر چەندین کەس بە زیندووی ڕزگار بکرێن.

 

دوای ١٨٢ کاتژمێر لە ناوچەی ئەنتاکیا لە شاری هاتایی وڵاتی تورکیا گەنجێک بە ناوی کائان ڕزگار کرا.

 

دوای ١٨٥ کاتژمێریش منداڵێکی ١١ ساڵ لە مەڕەشی باکووری کوردستان بە زیندووی ڕزگار کرا.

 

دوای ١٩٩ کاتژمێر گەنجێکی ١٨ ساڵ لە ناوچەی سەمسوری باکووری کوردستان بە ناوی "محەمەد چەتین" ڕزگار کرا.

 

دوای ٢٠١ کاتژمێر ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی مینا ئاکگول لە هاتایی وڵاتی تورکیا ڕزگار کرا.

 

جێی ئاماژەیە سەرەڕای زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر باڵەخانەکاندا ماونەتەوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی وەک ئەدەنە و ڕەحا ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن کۆتایی پێهاتووە و دەوڵەتی تورکیا بە بڵاونەکردنەوەی ئاماری دروستی قوربانییەکان دەیەوێت گەورەیی کارەساتەکە لە ڕای گشتی بشارێتەوە.