خۆپیشاندان بۆ مەرگی ژینا گرژی تێکەوت و بریندار هەیە

بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەی کە لەبەردەم پارێزگای سەقز بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو، ژمارەیەک کەس بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٧ی ئەیلول پاش ئەوەی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی کۆتایی هات، خەڵکی شاری سەقز لەبەردەم پارێزگای شارەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

خۆپیشاندەران بە وتنەوەی "بێ شەرەف، بێ شەرەف"، "مردن بۆ دیکتاتۆر"، "سزای لەسێدارەدان بوەستێنە" کوشتنی ژینا ئەمینییان شەرمەزار کرد، بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە وەڵامی تووڕەیی هاوڵاتیانی سەقز بە تەقە و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و برینداریان کردوون.

 

ڤیدیۆکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، دۆخێکی ئەمنی توند لە سەقز و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران نیشان دەدات، جێی ئاماژە پێدانە خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە گۆڕەپانی هەڵۆ لە سەقز وێنەی خامنەییان دڕاند.

 

ژینا ئەمینی، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەلایەن دەوریەی ئیرشاد-پۆلیسی ڕەوشتی تارانەوە دوای دەستگیرکردنی بە بیانووی حیجابەوە دەستگیرکرا و پاش ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا، سەرەرای ناهەموانی دۆخی ئەمنی، تەرمی ژینا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی فراوان لە شارەکە بەخاکسپێردرا.