داواکاری بۆ ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا؛ بێدەنگ مەبن

کەسایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان داوایەک ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەکەن و دەڵێن: بێدەنگی ئاشی هاوپەیمانیی ئەردۆغان–باخچەلی دەگەڕێنێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێین، کە ئێوە کۆتایی بەم بێدەنگییە بهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەک لە چالاکوان، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیسیان و کەسایەتی تورکیا و باکووری کوردستان، کە ژمارەیان ٣٠٨ کەس دەبێت، داوایەکیان ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کردووە کە لە ئاست ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێدەنگ نەبن و بوەستنەوە، ڕاگەیەندراوێکیشیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جگە لە هاوبەشەکانی دەسەڵات، ئەم شەڕە سوودی بۆ هیچ کەسێک نییە. جگە لەوەی ڕۆڵەکانمان، نەک لەپێناو وڵات، بەڵکو لەپێناو دەسەڵاتدا شەهید دەبن، ئەو گەنجانەمان ناچار دەکرێن لە خاکی بیانی و دەرەوە شەڕ بکەن، بکوژرێن و بەکوشتیان بدەن، ئەم شەڕە زیانێکی گەورە بە ٨٤ ملیۆن کەس لە تورکیا دەگەیەنێت. لە وڵاتی ئێمەدا ملیۆنان کەس لە ئاستی برسێتیدان، بۆ دابینکردنی خۆراک و پەناگەیەک، پەروەردە و تەندروستیی منداڵان زۆر ئازار و زەحمەتی دەچێژرێت، چونکە تێچوویەکی زۆر بۆ چەک و جەنگ تەرخانکراوە، قەیران و تەنگەژیەکی ئابووری و سەختی ژیانی ڕۆژانە قوڵتر دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەش، داهاتوومان دیل دەکرێت و کۆتایی بە هیواکانمان دەهێنرێت. نەک تەنها ژیانی ڕۆڵەکانمان بە فیڕۆ دەچێت و دەفەوتێت، بەڵکو داهاتووشیان تاریک دەکرێت"،

 

"تا ئێستا نا'مان نەبیستووە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای وەستانەوە بەڕووی هێرشەکاندا کراوە و هاتووە، ئێمە تا ئێستا بە دەنگی بەرز وتنی "نا"مان لە ئێوە نەبیستووە. ئەگەر ئێوە لە دژی سیاسەتی شەڕانگێزانەى دەسەڵات دەنگی خۆتان بەرز نەکەنەوە، ئەوا دەبنە هاوکار و هاوبەش لە تاوانەکانی دژ بە وڵاتەکەمان، گەلەکەمان و مرۆڤایەتی و دەبنە شەریک و هاوبەش لە ڕژانی خوێندا، نەبن بە شەریک و هاوبەشی تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە، بەتایبەتی نەبنە هاوبەش و شەریک لەم جەنگەدا. ڕەنگە ئێوە لە تۆمەتەکانی وەک "خائینانی وڵات، تیرۆریست، لایەنگرانی پەکەکە و.. هتد" بترسن و تاوانبار بکرێن، ڕەنگە ئێوە لە دۆڕان و لە دەستدانی دەنگەکانتان بترسن، بەڵام بێدەنگی تەنیا ئاشی هاوپەیمانیی ئەردۆغان – باخچەلی دەگەڕێنێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێین، کە ئێوە کۆتایی بەم بێدەنگییە بهێنن، بە دەنگی بەرز بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی خاکی سووریا و عێراق بوەستنەوە، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بڵێن نەخێر بۆ ئەمە.