فەدا/داکب: عەقڵیەتی ١٢ی ئەیلوول هێشتا بەردەوامە

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویەکان "فەدا" و یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەویەکان "داکب" بە بۆنەی ساڵیادی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویەکان "فەدا" و یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەویەکان "داکب" بە بۆنەی ساڵیادی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە کراوە کە کودەتاکە بە فشار و ئەشکەنجە بۆ سەر کرێکاران، شۆڕشگێڕان، دیموکراتەکان و بەتایبەتی گەلی کورد و عەلەویەکان لە بیرەوەرییەکانی خەڵکدا ماوەتەوە.

 

هەروەها بەبیرهێنرایەوە کە لە ماوەی ١٢ی ئەیلولدا بەدەیان هەزار کەس دەستگیرکراون، بەشێکی زۆریان لە سێدارە دران، ئەشکەنجە دران و ناچارکران کۆچ بکەن، بەمشێوەیە باجێکی قورس درا. ئاماژە بەوە شکرا کە فشار و چەوساندنەوەکان لەسەر بیروباوەڕی عەلەوییەکان جێبەجێ کرا، مزگەوتەکان بە زۆر لە گوندەکاندا دروست کران و سیاسەتی ئاسمیلەکردن بە بەرێگەی وانەی زۆرەملێ ئایینیەوە جێبەجێ کرا.

 

فەدا و داکب ڕایانگەیاند، عەقڵیەتی یەک جەمسەری" کە میراتی کودەتاکەیە بەردەوامە و دانانی قەیوم و نکۆڵیکردن و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکان وەک نیشانە هێنایەوە. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە عەقڵیەتی ١٢ی ئەیلول هێشتا بەردەوامە.

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گرنگی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کراوە و هاتووە: "ئەم بانگەوازە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلان و بیروباوەڕ و عەلەویەکان، ڕێگای ژیانێکی یەکسان و ئازاد نیشان دەدات. ئێمە بۆ دروستکردنی ئاشتی، خوشک و برایەتی و دیموکراسی، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان. چونکە لەو باوەڕەداین کە ئازادی بە پێکەوە ژیان کە بە ئیرادەی گەل و ئاشتی بنیات دەنرێت بەدی دێت. لە سیستەمێکدا کە ئازادی زمان، ناسنامە و بیروباوەڕی گەلان تێیدا پارێزراو بێت بەدی دێت.