ناساندنی پەرتوکی ئاواتی مانگ

"زۆر کێشەم هەبوو لە دۆزینەوەی پەرتوکێکی برێل، هەر بۆیەش ویستم پەرتوکەکەم بە خەتی برێل چاپ بکرێت بۆ ئەوەی خوێنەرانی نابینا بێزار نەبن".

سانیا مورادی

 

سنە- لە ڕێوڕەسمێکدا ناساندن بۆ پەرتوکی ڕامۆنا هاشمی لە ناوەندی گەشەپێدانی هزری منداڵان بەڕێوەچوو. ناساندنەکە بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ڕاحلە بەیات غیاسی ماموستای ڕامۆنا و هەروەها نووسەرانی وەک عەتیە شێخ ئەحمەدی و هاوڕێکانی ڕامۆنا بەڕێوەچوو.

 

ڕامۆنا هاشمی گەنجێکی تەمەن ١٢ ساڵەیە کە لە نابینایە، بەڵام ئەمە هۆکارێک نییە بۆ سنوورداربوونی، بەڵکو ڕامۆنا خاوەنی بەهرەیەکی ناوازەیە و سەرقاڵی چالاکیکانییە کە  یەکێک لەوانە نووسینە. ڕامۆنا یەکەم کچە نابینایە کە توانی پەرتوکێک بنووسێت لە پارێزگای کوردستان. پەرتوکەکەی بە برێل نووسیوە و بە ڕێنووسی بینراو چاپی کردووە، هەروەها بەنیازە بە خەتی برێلیش چاپی بکات، بەڵام بەهۆی زۆری تێچووی چاپی برێل، هێشتا سەرکەوتوو نەبوون لەو کارەدا. ئەم پەرتوکە سێ کۆمەڵە چیرۆکی تێدایە، ناوی پەرتوکەکە لە ناوی یەکێک لە چیرۆکەکانەوە وەرگیراوە.

 

 بۆ چاپی ئەم پەرتوکە ٩ چیرۆک پەسەند کراون کە سێ چیرۆکیان چاپ کراون. ڕامۆنا پلانی هەیە هەموو پەرتوکێک کە چاپی دەکات، بە خەتی برێلیش چاپی بکات. ڕامۆنا جگە لە نووسین، لە بوارەکانی مەلەکردن، شەترەنج، مۆسیقا و نیگارکێشیدا چالاکە، بەو پێیەی تا تەمەنی حەوت ساڵی توانای بینینی هەبووە، لەو شتانەی لە مێشکیدا ماونەتەوە، وێنە دەکێشێت و بە دەستەکانی دەست لە ڕێڕەوی قەڵەمەکە دەدات و بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت لە وێنەکێشان و نیگارکێشان، ڕامۆنا سوپاسی بنەماڵەکەی و داپیرەی کرد بۆ پشتگیریکردنیان و داوای لە ئامادەبووان کرد پشتگیری لە پەرتوکەکەی بکەن.

 

شەهرازاد عەبدولسەمەدی، دایکی نووسەر دەڵێت: ڕامۆنا توانی تا تەمەنی حەوت ساڵان ببینێت، توانای بینینیش وردە وردە نەما تا بەتەواوی کوێر بوو. توانای زۆری هەیە، لە مۆسیقا و زمانەوە تا چەندین شتی تر، بەشداری پۆلی نووسینی ڕاحلە بەیات غیاسی کردووە و بە هاوکاری مامۆستاکەی توانی یەکەم پەرتوکی خۆی بنووسێت و سوپاسی دەکەم بۆ ئەمە. تا ئێستا هەموو تێچووی چاپکردنی پەرتوکەکەیمان لە ئەستۆ گرتووە، داواکاریی من ئەوەیە پشتگیری ڕامۆنا بکەن تا بتوانێت بەردەوام بێت و لەبری ئەوەی زنجیرەیەک دیاری وەکو کەلوپەلی نووسین کە هەندێک ڕێکخراو دەیدەن بە منداڵان، پەرتوکەکانی بکڕن بۆ ئەوەی پاڵنەرێکە بۆ خودی ڕامۆنا و بۆ ئەوەی ببێتە نمونەیەک بۆ هاوتەمەنەکانی.

 

ڕامۆنا هاشمی خیابانی، نووسەری پەرتوکی "ئاواتی مانگ"، بە ئاژانسی هەواڵەکەمان دەڵێت: تەمەنم دوانزە ساڵە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لەگەڵ مامۆستا ڕاحلە بەیات غیاسی دەستم بە نووسینی پەرتوک کردووە. هەر لە منداڵییەوە خەونم ئەوە بوو ناوم لە پەرتوکی چیرۆکدا ببینم و بتوانم پەرتوکێک بنووسم، بەڵام نەمتوانی چونکە ئامرازی پێویستم نەبوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارە کە زانیم پۆلێک هەیە بە ناوی نوسین، بەشداریم کرد، پەرتوکەکەم لە سێ تەوەر پێکهاتووە، ناوی پەرتوکەکە لەسەر بنەمای ناوی سێهەمین چیرۆکەکەم، ئاواتی مانگ، کە ئاماژەیە بۆ ویستی مەحاڵ وەرگیراوە.

 

ئەم نووسەرە دەڵێت: نووسینی پەرتوک بۆ من کارێکی قورس نەبوو، سەرەتا بە برێل نووسیم و بۆ دایک و باوکم خوێندەوە و بە برێل چاپ کرا، لە داهاتوودا حەز دەکەم ببمە مۆسیقاژەن و شەترەنجژەن و نووسەرێکی لێهاتوو و پەرتوکی داهاتوو کە لە مێشکمدایە ژیاننامەی خۆمە.

 

بوونی ڕامۆنا هیوای داهاتوو لە دڵەکاندا زیندوو دەکاتەوە، هیوا بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە گەنجانی نوخبە و بەتوانا پێکهاتووە و لە بۆشایی ڕزگاری دەکات. لە ڕاستیدا ڕامۆنا پێویستی بە پشتیوانی کەس نییە، بەڵام پێویستە لایەنگری کەسانی لاواز بێت گومانیان لە خۆیان و تواناکانیان هەیە، چاوێک لە تواناکانی ئەم نووسەرە گەنجە بکەن کە ئیلهامبەخش و  پاڵنەر و هیوابەخشە بۆ هەموو کەسێک و هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەدوای خۆتدا بگەڕێ و لە خۆت بپرسی چی لە ناخدا شاراوەیە.