ناوەندی هەواڵ
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی ئیتاڵی، کە لە پزیشک و کەسایەتییە خێرخوازەکان پێکهاتبوون، سەردانی عێراقیان کرد، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی مەخموور و شەنگال، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا، شاندەکە دوای ئەوەی لە مەخموور ڕێگرییان لێکرا، کاتێک ویستیان بچنە شەنگالیش لە تەلەعفەرەوە گەڕێندرانەوە و لە موسڵ دەستبەسەر کران، دوای هەموو هەوڵێک شاندەکە، کە چوونە شەنگال، ٢٥ی ئایار لە سنوونێ لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە جارێکیتر ڕێگرییان لێکرا و دەرکران.
لە دژی ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لەو شاندە، ئەمڕۆ دەستەی تەندروستی شەنگال، ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانییان بڵاو کردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی عێراق، داوای هەڵوێستیان لە ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ پزیشک و کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بەو ڕێگرییە بڵاو کردەوە، کە لەلایەن ئەندامی دەستەی تەندروستی دکتۆر شێخ نورییەوە خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: هەڵوێستی هێزەکانی عێراق لە شەنگال و تەلعەفەر بەرامبەر بە شاندی تەندروستی و هاوکاری ئیتاڵی شەرمەزار دەکەین. کە ئەو ڕێکخراوە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ناوچەکە و ئەوانەی لە کامپەکاندا ئاوارەبوون و گەڕاونەتەوە، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا.
ئەوەش هاتووە: بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە لە بواری مرۆیی و خزمەتگوزاری و مافەکانی مرۆڤدا کاردەکەن، هەروەها سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و بواری مافی مرۆڤ، دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێگری و هەڵوێستانەی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هاوکارییەکانیان، کە بە دڵسۆزییەوە هەوڵی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگەکان دەدەن بە هاوڵاتیان و لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شەنگال.




