دەستپێکردنی فێستیڤاڵی ئامارا ڕاگەیاندرا
ڤێستیڤاڵی ئامارا کە بە درووشمی "بە ڕێبەرێتی ئازاد بەرەو یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک" ئەنجام دەدرێت، لە ناوچەی جورنەڕەشی ڕحا، بە چاندنی دار و خوێندنەوەی ڕاگەیاندراو دەستی پێ کرد. لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر کرا.
ڕەحا
فێستیڤاڵی ئامارا بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی ڕحا بە درووشمی "بە ڕێبەرێتی ئازاد بەرەو یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک" ئەنجام دەدرێت، لە ناوچەی جورنەڕەشی ڕحا، بە چاندنی دار و خوێندنەوەی ڕاگەیاندراو دەستی پێ کرد.
چالاکییەکە لەسەر ڕێگای بێل لە گەڕەکی باخچەلیێڤلەر بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکانی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندیر، هاووتەبێژی دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتیک گولجان کاچماز سایگیت، پەرلەمانتار دیلان کونت ئایان،دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان بە چاندنی دار دەستیپێکرد.
پاشان ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە، ئاماژە بەوە کرا، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ئامارا تەنها لەدایکبوونی تاکەکەسێک نییە، بەڵکوو ساتی دەرکەوتنی هیوای ئازادیی گەلان و تێکۆشانی یەکسانی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، دەڵێت: "ئەو پارادایمەی لەلایەن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە پەرەی پێدراوە، بەرفراوانترین دیدگای چارەسەری دیموکراتیکە بۆ ناکۆکییە هەزاران ساڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە بەڕێز ئۆجالان تەنها ڕۆشنبیرێک نییە، بەڵکوو ئیرادەیەکی مێژوویی و سیاسی و هێزی چارەسەرە بۆ چارەنووسی گەلان. ڕوانگەی ئەم ئیرادەیە بە پلەی یەکەم لەلایەن ژنانەوە بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی سیستەمی هەزاران ساڵەی کۆیلایەتی پێشەنگایەتی دەکرێت. هەروەها گەنجان لە ڕێکخستنی بەرخۆدان دژی داوەشانی سیستەم، ڕۆڵێکی گرنگیان گرتووەتە ئەستۆ".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لە بەرانبەر تراژیدیاکانی مرۆڤایەتی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، مۆدێلی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەڵتەرناتیڤێکی بەرچاوە، کە بەشداریی ڕاستەوخۆی گەل و ئازادیی ژنان بەبنەما دەگرێت، فرەیی ناسنامە و باوەڕەکان لەبەرچاودەگرێت.
هەروەها ڕاگەیاندرا کە ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز داوای پێگەی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادیی گەل و یەکسانیی ژنان و چارەسەری دیموکراتیکیان کردووە، داوا لە هەموو لایەنەکان و بەتایبەت هێزە هەرێمی و نێونەتەوەیەکان کراوە، دەست لە حیساباتی تەنگ و بەرژەوەندییەکانیان هەڵبگرن و ئیرادەی چارەسەری بەرچاو و بوێرانە بنێن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، فێستیڤاڵی ئامارا کۆبوونەوەیەکی مێژووییە کە یادگەی هاوبەش و بەرخۆدان و داوایی ئازادی گەلان لەسەر زەمینەیەکی هاوبەش ڕێکدەخات، فێستیڤاڵەکە دەبێتە سەکۆی ئاشتی و ئازادی و ئیرادەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
بانگەواز لە ژنان و گەنجان و کرێکاران و ڕۆشنبیران و گەلانی کوردستان و تورکیا کرا، بەشداریی چالاکییەکان بکەن و ببنە دەنگی ئەم پرۆسە مێژووییە، داوا لە هەمووان کرا ڕووبکەنە ئامارا.
دواتر ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"و "ڕۆژبوونت پیرۆز ئەی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.