١١ هەفتەیە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەردەوامی هەیە 

شەوی ڕابردوو لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خەڵک دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی دەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

لە ٢٦ی تشرینی دووەم کە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕیی چووە ناو هەفتەی ١١یەمینەوە، خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئێران، لەوانە تاران، ئەسفەهان، کەرەج و هتد بەردەوام بوو، شەوی ڕابردوو هاوڵاتیان بە گردبوونەوە و وتنەوەی دروشم ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

لەگەڵ چوونە ناو هەفتەی ١١یەمی خۆپیشاندان و ڕاپەرینەکان و "ژن ژیان ئازادی" لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکاندا باران باری و هاوڵاتیانی چەند شارێک ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی دەوتەوە.

 

ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە ئەسفەهان گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دروشمی وەک "ئازادی ئازادی" و "من ژنی ئازادم" یان دەوتەوە، هەروەها هاوڵاتیانی شاری کەرەج دروشمی "زاهیدان کوردستان و چاو و چراکانی ئێران" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" یان دەوتەوە، لە دەیان شوێن لە تاران گردبونەوە ئەنجامدرا، دروشمەکانی کە وتران بریتی بوون لە : "مردن بۆ حکومەتی منداڵکوژ، تاران دەبێتە کوردستانی ئێران دەکرێت بە گوڵستان، مەرگ بۆ دیکتاتۆر".