پەیامنێری ئاژانسەکەمان بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بریندار بوو

نەغەم کەراجە، پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە غەززە، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماڵی خۆیدا بریندار بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

٣٨ ڕۆژە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوامە و هاوڵاتیان و ماڵ و نەخۆشخانەکان دەکاتە ئامانج، نەغەم کەراجە، ٢٥ ساڵ و پەیامنێری ئاژانسەکەمان-نوژنها کە ماوەی مانگێکە بە بەردەوامی ڕووماڵی هێرشەکان و دۆخی هاوڵاتیان دەکات، ماڵەکەی دەکرێتە ئامانج و بریندار بوو.

 

دوێنێ ئیسرائیل ١٠ ماڵی لە گەڕەکی شوجایە کە ناوچەی ئاگر و شەڕە، کردە ئامانج و یەکێک لەو ماڵانە، ماڵی نەغەم کەراجەی پەیامنێرمان بوو، کە برینداربوو، تا ئەم ساتە پەیامنێرمان نەیتوانیوە چارەسەری برینەکەی بکات بەهۆی هەڕەشە و گەمارۆدانی نەخۆشخانەکان و بە ئامانجکردنی هەر کەسێک ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکات، پەیامنێرمان ڕایگەیاند، تەرمەکان لە شەقامەکان و لەبەردەم نەخۆشخانەکاندا کەوتوون و هیچ شوێنێک نییە ڕووی تێبکەن، برینەکانیان بە پارچە پەڕۆیەک بێ پاککردنەوە دادەپۆشن و خەڵک بە هیوان کە شەڕ لە هەر ساتێکدا کۆتایی پێبێت.

 

هەروەها بەهۆی پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت و کارەبا، نەغەم کەراجە ناتوانێت بەردەوام وردەکاری هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە بە دەزگاکەمان بگەیەنێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە.