سی پی تی: لە ٣ی نیسانەوە دەوڵەتی تورک ١١ جار هەرێمی کوردستانی بۆردومان کردووە

ڕێکخراوی سی پی تی ئاشکرای دەکات، دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی ٣ی نیسانەوە ١١ جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆردومانەکانی ئەمجارە لە قوڵایی زیاتر بۆناو خاکی هەرێم و عێراق ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی کوردستانی ڕێکخراوی  "CPT" لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بۆردومانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ٣ی نیسانەوە، سوپای سەربازی تورکیا بەلایەنی کەمەوە ١١ بۆردومانی زنجیرەیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەدا، دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ژیانی هەزاران هاوڵاتی دیکەش کەوتووتە مەترسییەوە.

 

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، بە بەراورد بە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ساڵانی پێشووتری، لە دواین زنجیرە بۆردومانەکاندا، دەوڵەتی تورکیا بۆردومان و هێرشە سەربازییەکانی لە قوڵاییەکی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەنجامداوە، ئەو ناوچانەی کە بوونەتە ئامانجی دواین هێرشەکانی تورکیا وەک قەزای شێخان و دەڤەری بارزان نزیکەی ٦٥ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق و تورکیاوە دوورن، ئەمە لە کاتێکدا بەشێکی تری هێرشەکان بۆ قوڵایی زیاتری ناو خاکی هەرێمی کوردستان بوون و هەریەکە لە ناوەندی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری قەزای پێنجوێن کە نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق و تورکیاوە دوورن بوونەتە ئامانجی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە

سی پی تی ڕوونیکردووەتەوە، لە ٣ی نیساندا، سوپای تورکیا چوار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چیای شرین لە دەڤەری بارزان لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی عارف عومەری ٥٠ ساڵ و ئەحمەد حوسێنی ٣٥ ساڵ، لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە شەهید بوون، کۆکردنەوەی گیای بەهارە، سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی ئەو خێزانانەیە کە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.

 

هەروەها لە ٧ی نیساندا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی، قافڵەیەکی ئۆتۆمبێلی لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە بەدووری ١٨٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سنوری نێوان عێراق و تورکیاوە، بە ئامانجگرت، بەگوێرەی زانیاری میدیا ناوخۆیی و بیناییەکان، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوپای سوریای دیموکرات، کە هاوشان لەگەڵ چەند ئەندامێکی سوپای هاوپەیمانان لە قافڵەی ئۆتۆمبێلەکاندابوو، بە ئامانجگیرا، بەڵام هیچ قوربانییەک نەبوو.

 

بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونی هەیە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەدرێژایی ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی نیسان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە بەردەوامی بە سەر ناوچەکانی شەنگال لە پارێزگای نەینەوا، دۆڵی نەهلە لە پارێزگای دهۆک، ناحیەی هەریر لە پارێزگای هەولێر و قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانیدا سوڕاونەتەوە، لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٥ی نیساندا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دوو جار بۆردومانی چیای بێخێریان کرد لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای نەینەوا کە بە دووری ٦٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سنوری نێوان عێراق و تورکیا،هەرچەندە لە بۆردومانەکەی چیای بێخێردا هیچ هاوڵاتیەک نەبووە قوربانی، بەڵام هێرشەکە لە نزیک ئەو گوندانەدا ڕوویداوە کە گوندنشین و هاوڵاتی مەدەنی تیایاندا نیشتەجێن.

 

لە کاتژمێر ٦:٣٥ خولەکی هەمان ڕۆژدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بۆردومانی گوندەکانی کانی میرانی کۆماری و ساڵیاوایان لە قەزای پێنجوێن کرد کە بەدووری نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتی سنوری نێوان عێراق و تورکیا، ٥ خولەک دواتر هەمان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، دوو جار بۆردومانی گوندی وریاوای لە هەمان قەزادا کرد، بۆردومانەکان لە کاتێکدابوون کە گوندنشینان سەرقاڵی شکاندنی ڕۆژووەکانیان بوون، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەوەو گوندنشینان لە ترسی ئەگەری دووبارە بۆردومانکردنەوەی گوندەکانیان، لە ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەدرێژایی ئەو شەوە نەیانتوانی لە ماڵەکانیاندا بێنە دەرەوە.

 

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە بۆردومان و هێرشەکانی سوپای سەربازی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتیشدا سەرکۆنەی نیازی فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دەکات بۆ قوڵایی خاکی هەرێم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە هێرش و بۆردومانانە مەترسین بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و بژێوی ژیانی گوندنشینان، زەوی و زاری کشتوکاڵی، لەوەڕگا و ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشە سەربازییەکانی تورکیا دەکات بۆ فشار خستنەسەر دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕاگرتنی پێشێلکاری بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق.