خەڵاتی مافی مرۆڤی "مارتین ئەنالز"ی ساڵی ٢٠٢٤ بە جولیا پارسی بەخشرا

جولیا پارسی، چالاکوانی مافی ژنان و سەرۆکی گروپی ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانستان لە کابول، خەڵاتی "مارتین ئەنالز"ی بۆ مافەکانی مرۆڤ بەدەستهێنا.

خەڵاتی مافی مرۆڤی "مارتین ئەنالز"ی ساڵی ٢٠٢٤ بە جولیا پارسی بەخشرا

ناوەندی هەواڵ

 

١٩ی تشرینی دووەم، دەزگای مافی مرۆڤی "خەڵاتی مارتین ئەنالز" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جولیا پارسی، چالاکوانی مافی ژنان و سەرۆکی گروپی ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانستان لە کابول و مەنوچێهر خەلیق نەزروف، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی پامیری لە ناوچەی  خۆسەری گورەند-بەدەخشانی تاجیکستان، خەڵاتی مافی مرۆڤی " مارتین ئەنالز"یان بەدەستهێنا.

 

لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ " مارتین ئەنالز"دا هاتووە، دوو داکۆکیکاری دیاری مافی مرۆڤ کە ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان و تاجیکستان تەرخان کردووە، لە میانی ڕێوڕەسمێکدا لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، خەڵاتی " مارتین ئەنالز" وەردەگرن، لە هەمان کاتدا لە شاری جنێڤی پایتەختی سویسرا پێشوازی لێدەکرێت و لە هەمان کاتدا یادی سی ساڵەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤە.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: زۆر شانازی دەکەین بە ڕێزگرتن لەم دوو براوە ناوازەیە. ئەوان باجێکی زۆریان داوە بۆ دادپەروەری و یەکسانی لە ئەفغانستان و تاجیکستان و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبری بەرەنگاربوونەوەی بەرژەوەندییە جیۆستراتیژییەکان لە ناوچەکەدا پشتیوانی هەوڵەکانیان بکات.

 

خەڵاتی " مارتین ئەنالز" کە بە ناوی چالاکوانێکی پێشەنگی مافی مرۆڤ و یەکەمین سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە ناونراوە، ساڵانە پێشکەش بە تاکێک دەکرێت کە بوێرییەکی ناوازە و ڕێگەی داهێنەرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ نیشانداوە.