لە کۆبوونەوەیەکدا ژنانی چالاکوان بڕیاری ئەنجامدانی چالاکی هۆشیارییان دا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، بە بەشداری بەشێک لە ژنانی چالاکوان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکی هاوبەشی ژنان کرا.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بارەگای ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی، چالاکوانانی بوارەکانی ژنان لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە توندوتیژییەکان دژی ژنان و هۆکار و چارەسەرییەکان کرد، هاوکات ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی چالاکی هاوبەشی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان کرد، پێشنیاریشیان کرد، بەشێک لە چالاکییەکانیان هەڵمەتی هۆشیاری لە بارەی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیەکاندا بێت لە خوێندنگە و زانکۆکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا ژنان بڕیاریاندا، بە ناونیشانی "ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیەکان" ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکی ئەنجام بدەن.
"ژنان لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە مافەکانیان بەدەستدەهێنن"
بێخاڵ سابیر، چالاکوانی بواری ژنان، باس لەوەدەکات، هەبوونی کۆبوونەوە و ئەنجامدانی گۆڕینەوەی بیروڕاکانی ژنان لەبارەی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، ئەرکی ژنانە، دەشڵێت: ئەنجامدانی چالاکی لەلایەن ژنانەوە ئەرکی هەر ژنێکە لە کۆمەڵگەی پیاوسالااریدا، پێویستە ئێمەی ژنان لە ڕێگەی زیادکردنی چالاکییەکانمانەوە مافەکانمان بەدەست بهێنین، هەبوونی ئەم کۆبوونەوانە ئەرکێکی گرنگە و پێویستە مانگانە ئەنجام بدرێت و دۆخی ژنان لە باشووردا بخرێتەڕوو، تا ژنان لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە مافەکانیان لێ زەوت نەکرێت.
لە کۆتاییدا وتی: لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژناندا، داواکارم لە ژنان لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەیانەوە مافەکانیان بەدەست بهێنن، هەوڵ بۆ نەمانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بدەن، تا بتوانن نەوەی داهاتوو بە بێ هەبوونی دەستی پیاوان لەسەریان ژیان بکەن.