لە باشووری لوبنان ١٠ کەس لە بنەماڵەیەک کوژران کە منداڵیشیان تێدایە

لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل کە ماڵێکی لە شارۆچکەی دەوادیای باشووری لوبنان کردە ئامانج، ١٠کەس گیانیان لەدەستدا کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی تریش برینداربوون کە هەموویان لە یەک خێزان بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٣ی ئەیلوولەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و توندوتیژیان بۆ سەر لوبنان دەستپێکردووە، لەڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ حزبوڵا کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، لە ئەنجامدا نزیکەی هەزار و ٦٧ کەس کوژراون کە لە ناویاندا منداڵ و ژن و بەساڵاچوو هەبوون، دوو هەزارو ٩٥٥ کەسی دیکە برینداربوون و ترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوچەیی هەیە.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان ئەمڕۆ ١ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری شارۆچکەی داودیە کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ١٠  کەس لە یەک خێزان کوژراون، جگە لەوەی ٥ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل تۆپبارانی توندوتیژیان بۆ سەر چەند کەسێک کردووە.

 

ئێوارەی ٣٠ی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستی لوبنان کوژرانی ٩٥ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ١٧٢ کەسی دیکەی ڕاگەیاند، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ڕایگەیاند، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە لوبنانەوە ئاوارەبوون بەرەو خاکی سووریا، دەربازبوون لەو بۆردوومانە توندوتیژانەی شار و شارۆچکەکانیان کردە ئامانج، ژمارەکەش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە.