"بەهۆی هێرشەکانەوە نەخۆشییە دەروونییەکان لە کەرتی غەززە زیاتر دەبن"

مونا ئەبو ئەلبا، پسپۆڕی دەروونناس ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ لە کەرتی غەززە، لە ژناندا نەخۆشییە دەروونییەکان زیادیان کردووە و داوایکرد بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی دەروونی لە هەندێک لە ناوەندەکانی کۆچبەریدا بکەن.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- ئەو شەڕەی کە نزیکەی ساڵێکە لە کەرتی غەززە بەردەوامە، بووەتە هۆی ئەوەی چەندین نەخۆشی دەروونی لەنێو ژناندا دروستببێت، بەهۆی دەنگی تەقە و تەقینەوەی بۆمبەوە ژیان ڕۆژ بەڕۆژ سەختتر دەبێت و بینینی مرۆڤی مردوو، باڵەخانە وێرانەکان، کۆچکردنی زۆر، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی نەخۆشی دەروونی.

 

مونا ئەبو ئەلبا، پسپۆڕی دەروونناس و بەڕێوەبەری سەنتەری کاروباری ژنان، دەڵێت: بە چاودێریکردنی دۆخی تایبەتی ژنان، بینیم کە کەرتی غەززە بووەتە شوێنی نەخۆشییە دەروونییەکان، پێش جەنگ ژنان لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا بوون، لەگەڵ ئەو شەڕەی کە دەستی پێکرد و بەردەوامە، دەبنە شاهیدی زۆر ڕووداوی خراپ.

 

"چەندین نەخۆشی جەستەیی و دەروونی دروست بوون"

مونا ئەبو ئەلبا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە گرفتانە ڕۆڵیان هەیە لە سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکان و وتی: وەک تێکچوونی دوای شۆک، فشاری بەردەوام، زیادبوونی هەستیاری، دەمارگیری، کەم خەوی و ئازاری جەستەیی، هەروەها لەرزینی لەش و ئازاری بەردەوامی ماسولکەکان و ئازاری گەدە و مل و سەرئێشەی بەردەوام و ماندوێتی زۆر، هەموو ئەمانە بەسەر ژناندا هاتووە، ژنان نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو بارودۆخانەدا بکەن، هەر بۆیە توڕەیی خۆیان لەسەر منداڵەکانیان خاڵی دەکەنەوە، یان هاواریان لێدەکەن یان لێیان دەدەن، دواتر پەشیمان دەبنەوە، دایکەکان بۆ ئەوەی کە بتوانن توڕەیی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، پێویستە لە بارودۆخێکی باشدا بن، خۆتان ڕادەستی زەحمەتییەکان نەکەن بۆ ئەوەی بتوانیت ئاگاداری تەندروستی دەروونی و سەلامەتی منداڵەکانت بیت..

 

مونا ئەبو ئەلبا هەروەها دەڵێت: لەبەرئەوەی هەموو ژنێک شێوازی خۆی هەیە بۆ ڕزگاربوون لە توڕەیی، دەبینین هەندێک ژن هەن کە پێش جەنگ زۆر کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام دوای شەڕ چیتر پەیوەندی کۆمەڵایەی نەماوە، هەندێکیش ژنیش هەن کە دوای جەنگ زۆر کۆمەڵایەتی دەبن بۆ ئەوەی کە لە ئازار و زەحمەتییکانیان کەم ببێتەوە، هەندێک ژنیش دەگرین، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کولتورەکەیان و چۆن دەتوانن مامەڵە لەگەڵ بیرکردنەوە نەرێنییەکان بکەن.

 

"پێویستە ژنان بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بکەن کە بۆ پاڵپشتی دەروونی ئەنجام دەدرێن"

مونا ئەبو ئەلبا دووپاتی کردەوە کە پێویستە ژنان بچنە کۆبوونەوەکانی پاڵپشتی دەروونی کە لە ناوەندەکانی کۆچبەران ڕێکدەخرێن و دەڵێت: پێویستە ژنان خۆیان لەسەر هەندێک چالاکی ڕابهێنن، وەک هەناسەدانی قووڵ، وێنەکێشان، نووسین یان چالاکییەکانی دیکەی ژنان کە هەست بە ئاسوودەیی دەکەن لە ڕووی دەروونییەوە، پێویستە ژنانی غەززە بگەڕێنەوە سەر خوو و نەریتی ڕۆژانەی خۆیان پێش شەڕ، بۆ ئەوەی ئەو واقیعە ببینن کە ئێستا تێیدا دەژین و بزانن کە ئەم دۆخە ڕۆژێک دێت دەگۆڕێت.

 

"ژنان و مناڵان تەنها ڕۆژانە یەک جار سەیری هەواڵەکان بکەن"

مونا ئەبو ئەلبا هۆشداری دایە ژنان و منداڵان، ڕۆژانە تەنها یەکجار سەیری هەواڵەکان بکەن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر مێشکیان نەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک نەخۆشی دەروونی هەن کە ئاسودە نین بە چالاکییەکان و پێویستیان بە چارەسەر هەیە و لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: نابێت ژنان ڕادەستی نەخۆشی ببن، پێویستە بچنە نزیکترین دامەزراوە تەندروستیەکان بۆ دۆزینەوەی پزیشک و بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.