دوای کەوتنە ناو کۆما... ئارمیتا گراوند دەگاتە دۆخێکی ناجێگیر
ئاژانسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد کە دۆخی تەندروستی ئارمیتا گراوند ناجێگیرە و ڕژێمی ئێران ترسی دووبارەبوونەوەی دۆسیەی ژینا ئەمینی هەیە.

ناوەندی هەواڵ
ئارمیتا گراوند دوای ئەوەی لە وێستگەیەکی میترۆ لە تارانی پایتەختی ئێران، بەهۆی نەپۆشینی حیجابەوە لەلایەن "پۆلیسی ئەخلاق"ەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان بووەوە و لە هۆش خۆی چوو، دواتر گواسترایەوە بۆ بۆ نەخۆشخانەی "فەجر" و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراوە.
ئاژانسی هەواڵی “پرنا”ی ئێرانی، دوێنی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆخی تەندروستی ئارمیتا تێکچووە و نیشانەکانی مانەوەی لە ژیاندا لاوازە، وتیشی: هەوڵەکانی تیمی پزیشکی بەردەوامن بۆ باشترکردنی بارودۆخی تەندروستی ئارمیتا گراوند.
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاند، نەخۆشخانەی “فەجر” کە ئارمیتا گراوندی لێیە پڕ بووە لە هێزی تایبەت و ڕێوشوێنی ئەمنی توندتر گیراوەتەبەر، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەشەوە هیچ ڕاپۆرت و وێنەیەکی نوێ لە ئارادا نییە دەربارەی ئارمیتا گراوند و کە ١٠ ڕۆژە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەرەبەیانی ١ی تشرینی یەکەم، ئارمیتا گراوند، خوێندکاری پۆلی ١١ی ئامادەیی، لە کاتی چوونی بۆ قوتابخانە، لە میترۆدا لەلایەن ئەفسەرێکەوە هێرشی کرایەسەر و کەوتە سەر زەوی و هۆشی لەدەستدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پشتڕاستیان کردەوە، بە پشتبەستن بە شایەتحاڵەکان، ئارمیتا گراوند لەکاتی کەوتنە سەر زەوی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە.
کاربەدەستانی ئێران لەوان بەڕێوەبەرانی شارەوانی میترۆ و تاران بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئارمیتای ١٦ ساڵ بەهۆی دابەزینی فشاری خوێنەوە کەوتووەتە سەر زەوی و لە دۆخی کۆمادایە.