ترس و تۆقان؛ منداڵان دوای بوومەلەرزەکە تووشی تێکچوونی دەروونی دەبن

منداڵان لە ئیدلب ساڵانێکە بەدەست فشارە کەڵەکەبووەکانەوە دەناڵێنن لە ئەنجامی بۆردومان و ئاوارەبوون و نەبوونی توخمەکانی ژینگەیەکی سەقامگیر و سەلامەت، ئەو بوومەلەرزەیەی مانگی شوباتیش ناوچەکەی گرتەوە کاریگەری زیاتری لەسەر دەروونی ئەو منداڵانە هەبوو.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- کەریمە ڕەحال، ڕاوێژکاری دەروونناسی جەختی لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی پێداویستییە دەروونییەکانی ئەو منداڵانە کردەوە کە لە بوومەلەرزەکە ڕزگاریان بووە، وەک دابینکردنی شوێنی پشتیوانی سەلامەت بۆیان بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ڕۆژانەکان و پێویستی دڵنیاکردنەوەیان، هێورکردنەوەی ترسەکانیان ، کارامەییان بۆ دابین بکات کە یارمەتیان بدات بەسەر ئەو یادەوەرییە ترسناک و بە ئازارانەدا زاڵ بن، تێیدا ژیاون.

 

بە کێشەی ڕەفتار و میزکردنی بێئاگایی و شەڕانگێزی ڕواڵەتی، لوئەی بەندەری تەمەن ٧ ساڵان ڕووبەڕووی کارەساتی بوومەلەرزەکە بووەتەوە، لوئەی لەگەڵ خوشکەکەیدا لەژێر داروپەردووی ماڵەکەیاندا ڕزگاریان بوو، بەڵام دایک و باوکیان گیانی لەدەستدا.

 

ڕەبیعە بەندەر، پوری لوئەی باسی لەوەکرد، ئەوەی لوئەی لەژێر داروپەردووی ماڵەکەیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە زۆر بە ئازار بووە و کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی دەروونی هەبووە، یادەوەرییەکەی بۆ هەمیشە لە مێشکیدا تۆمارکراو دەمێنێتەوە.

 

ئاماژەی بە ڕادەی ئەو ئازارە کرد کە دوای لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا تووشی خێزانەکە بووە و کاریگەریی ئەو زەبر و زەنگەش لەسەر منداڵەکان توندوتیژترین و کارەساتبارترین بووە.

 

ڕەبیعە بەندەر کاردەکات بۆ یارمەتیدانی منداڵ بە شێوازی جۆراوجۆر، جا چ لەڕێگەی هاندانی بۆ یاریکردن یان تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی، داواشی لە هەموو دامەزراوە ناوخۆییەکان کردووە کە ئامراز و شێوازی پشتیوانی دەروونی تایبەتمەند پێشکەش بکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو منداڵانە، دوای ئەو ئازارەی لەدەستدان و ترسەی کە پێیدا تێپەڕیون.

 

فادیە بەرھومی تەمەن ٣١ ساڵ و کچە شەش ساڵانەکەی بەناوی جانا، دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە ناوچەکەی گرتەوە، چەندین نیشانەی دەروونییان تێدا دەرکەوتووە، لەوانە ترس، دڵەڕاوکێ، تێکچوونی هەمیشەیی خەو و کابوس، ئەم نیشانانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕادەی ئەو ترسناکییەی کە منداڵەکە هەستی پێکردووە، کاتێک بوومەلەرزەکە لە کاتی خەوتنیدا ڕوویدا ولە خەو خەبەری کردووەتەوە، وتی: ساتێکی هەناسەبڕ بوو، هیچ هیوایەکمان نەبوو بە زیندووی دەربچین لەو بینایەی کە تێیدا دەژین لە نهۆمی چوارەمی شاری حەرەم، دیوارەکان دەستیان کرد بە درز تێبوون، ئێمە لە خەو خەبەرمان بووەوە و هەوڵمان دەدا هەڵبێین لەگەڵ منداڵەکانمان، بیناکان دەستیان بە لەرزین کرد و ئێمەش بەڕێوەبووین تا خۆمان ڕزگار بکەین.

 

هەرچەندە فادیە بەرهوم دوای ئەوەی لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە ڕزگاری بووە، پەنای بۆ یەکێک لە کەمپەکانی ناوچەکە بردووە و لەگەڵ خێزانەکەیدا لە یەکێک لە تیمە خۆبەخشەکان چادرێکی وەرگرتووە، بەڵام کچە تاقانەکەی بەناوی جانا لە گریان ناوەستێت و لە ترس و دڵەڕاوکێدا کاتەکانی بەسەر دەبات، بەتایبەت شەوان.

 

فادیە بەرهوم دەڵێت: نیشانە دەروونییەکان لەگەڵ نیشانە ئۆرگانیکییەکانی دیکەدا بوون، کە بە گرژبوون، کێشەی هەرس، سکچوون، ڕشانەوە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن دەستیپێکردووە، نازانم ئەم تێکچوونانە کاتییە یان زیاتر دەمێنێتەوە.