١٨ ڕێکخراوی چەپ و دیموکرات: لە کوردستانەوە بۆ تاران، مەرگ بۆ بکوژان

١٨ ڕێکخراوی چەپ و دیموکرات وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی دەستدرێژی سێکسی، لەسێدارەدان و کوشتنی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و پشتیوانیان لە ناڕەزایەتی خەڵکی سەقز، سنە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بەیاننامەیەک، ١٨ ڕێکخراوی چەپ و دیموکرات ناڕەزایی خۆیان لە دژی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر شلێر ڕەسوڵی و کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تاران دەربڕی، هەروەها پشتیوانییان لە ناڕەزایەتی بنەماڵەی ئەو کەسانە کرد کە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێران و کوردستان ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا هەریەک لە شلێر ڕەسوڵی کە لە شاری مەریوان کاتی هەڵاتنی لە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن پیاوێکەوە خۆی لە نهۆمی دووەمی بینایەکەوە فڕێدا و گیانی لەدەستدا، ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی بنەماڵەی زیندانیانی سزای سێدارە بەبیرهێنرایەوە و ڕایانگەیاند کە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیش بووە لاپەڕەیەکی تری ڕەشی سەرکوتکردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و چالاکانی ژنان.

 

هەروەها تێیدا ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی چەپ و دیموکراتەکان دژی دەستدرێژی سێکسی و سزای لەسێدارە خرایەڕوو و هەروەها هاتووە، " ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو دامودەزگا و ڕێکخراوە سەربەخۆیانە هاوڕاین کە ناڕەزایەتیان دژ بە کۆمەڵکوژی بەردەوامی دەوڵەت و دژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەربڕیوە و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵکی سەقز و سنە و ناوچەکانی دیکە دەکەین، بە ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی هاوسۆزی خۆمان ڕادەگەیەنین لە هەموو پارچەکانی جیهان".

 

هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە "لە وەها دۆخێکدا ئیبراهیم ڕەئیسی، دادوەر و ئەندامی دەستەی مەرگ و سێدارە، کەسایەتییەک کە لەسەر خوێنڕشتنی منداڵانی کۆمەڵگەکەمان لە هاوینی خوێناوی ساڵی ١٣٦٨دا دانیشتبوو، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگادایە بۆ گەیاندنە لوتکەی لەسێدارە، جیهان دەبێت وەڵامی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر مافی خەڵک لە ئێران و ناوچەکە بداتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت بوونی تاوانبارێکی لەو جۆرە لەناو خۆیدا مەحاڵ بکات یان ئەوەی خەڵکی کۆمەڵگریەکی وەک کۆمەڵگەی ئێران دەیانویست بە تاوانی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" بیبەنە دادگا".