"ژنان دەبنە پێشەنگی شۆڕشی نوێ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
یەکینەکانی کچانی ڕۆژی ئاپۆیی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی کوشتنی مەهسا ئەمینییان کرد و ڕایانگەیاند، "تۆڵەی خوێنی بە ناڕەوا ڕژاو لە چەتەکانی کۆماری ئیسلامیی دەکەینەوە".
ناوەندی هەواڵ
یەکینەکانی کچانی ڕۆژیی ئاپۆیی، كە بوونی خۆیان لە تاران ڕاگەیاند، لە بەیاننامەیەكدا كوشتنی مەهسا ئەمینییان شەرمەزار كرد و ڕایانگەیاند: "لەمەودوا هیچ كەسێك لەو چەتانەی بەشداری سیاسەتی زوڵم و چەوساندنەوە لە دژی ژنانی كوردستان و ئێرانیان كردووە، لە هێرشەکانمان ڕزگار نابن".
دەقی یەکینەکانی کچانی ڕۆژیی ئاپۆیی:
"ژن، ژیان، ئازادی!
سیستمی تیۆکراتی و پیاوسالاری ئێران جارێکی دیکە پێداگری خۆی لەسەر سەپاندنی سیاسەتی سەرکوت بەسەر هەموو ئەو نەیارانەی کە حوکمی تیۆکراتی و پیاوسالاری قبوڵ ناکەن بە کوشتنی کچە کورد، ژینا ئەمینی بە هۆکاری حیجاب نیشان دایەوە، ئەم سیستمە لە چل ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە تەرکیزکردن لەسەر هەموو لایەنەکانی دەسەڵاتی ڕەق و نەرم، ئەو پێکهاتانەی کە لەسەر سنورەکانی ئێران دەژین بەڕێوەببات و بە پێی بیروباوەڕی خۆیان یەکڕیزی لەو گەلانەدا دروستبکات. بەڵام پێش ئەم چل ساڵە و دوای ئەوەش، کوردستان قەڵای بەرخۆدان و یاخیبوون بووە و دەبێت.
"ئەوان لە هێرشەکانی ئێمە رزگار نابن"
وەک کچانی ڕۆژی ئاپۆیی، لەسەر بنەمای شوێنکەوتووانی تێکۆشان بۆ ئازادی کوردستان و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهید ژینا ئەمینی ڕادەگەیەنین، لەمەودوا هیچ کەسێک لەو چەتانەی بەشداری سیاسەتی ستەمکاری دژ بە ژنانی کوردستان و ئێرانیان کردبوو لە هێرشەکانی ئێمە رزگاری نابێت. کوشتنی ژینا ئەمینی و کچانی تری ئەم هەرێمە، نادادپەروەری و گوشارەکان بۆ سەر ژنانی کوردستان و ئێران بەدڵنیاییەوە جێگەی قبوڵکردن نییە. ژنان پێشەنگی شۆڕشی نوێ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبن و هێزی پاراستن و بەرخۆدانی لە شەڕڤانانی کۆبانێ فێربوون، ژنان بە شێوەیەکی نوێ ژیان و ئازادی پێناسە دەکەنەوە.