چالاکوانانی ژن: یەکگرتنی ژنان هەنگاوی ڕزگارکردنی ژنانە لە پەراوێزخستن
بەئامانجگرتنی ژنان لە جیهاندا ئامرازێکی کۆمەڵگەی کۆنەپەرستانە کە ژنان وەک لاوازترین بوونەوەر دەبینن، ڕەوایەتی بە ڕێگریکردن و بەڵادەستبوون و کۆنترۆڵ و ئیستغلالکردنی ژنان دەدەن.
زهور ئەلمەشرەقی
تونس- سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی جیهان بە دروشمی "پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان" بە بەشداری نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان بە مەبەستی داواکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و دادپەروەری و یەکسانی، لە هەلومەرجێکی سەختی نێودەوڵەتی و نیشتمانی و گەمارۆی سەر ژناندا ئامادەکاری بۆ کراوە و ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە.
دوێنێ لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەدا، بە دروشمی "تونس پایتەختی ژنانی جیهانە" و بەشداری سەدان ژن لە شەقامی حەبیب بۆرقیبە لە تونسی پایتەختەوە ڕێپێوانێک بەرەو شاری ڕۆشنبیری دەستیپێکرد.
لە بەردەوامی کۆنفرانسەکەدا ژنانی بەشداربوو داوایان کرد کارەکان چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی داوا لە دەسەڵاتداران بکەن بۆ پێشخستنی پێگەی ژنان بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا کە خزمەت بە پرسەکانی ژنان بکات و بناغەکانی کۆمەڵگەی هاوسەنگ دابنێت، کە دوور بێت لە توندوتیژی و دەسەڵاتخوازی و پەراوێزخستنی ژنان.
لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، ئاژانسی نوژنها چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنانی بەشداربوودا کرد و ئامانج و هیوای خۆیان خستەڕوو.
زەمان مەسعوودی، چالاکوانی ئێرانی و پەنابەری سیاسی کە بە هۆی دژایەتی و سەرکوتگەرایی ڕژێمی ئێران لە تاران دژی ژنان ماوەی چل و دوو ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی ژنان لە هەموو جێیەکی جیهان هاوشێوەیە، بوونی کۆنفرانسی لەم شێوەیە گرنگە بۆ خستنەڕووی پێشێلکاری و گۆشەگیرییەکانی سەر ژنان، "ژنانی ئێران هێشتا مافی تەواوی خۆیان بەدەست نەهێناوە و تا ئێستاش بەدەست زوڵمی دەسەڵاتدارانەوە دەناڵێنن، هەروەها زیندانیکردن لەوانەیە چارەنووسی هەر ژنێکی ئێرانی بێت کە داوای مافەکانی بکات لەو وڵاتەدا، منیش ژیانی خۆم لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی نەتەوە جیاوازەکان لە بەرلین تەرخانکردووە بۆ تێکۆشان و بەرگریکردن لە مافی ژنان".
سەما بەکداش، وتەبێژی پارتی یەكێتیی دیموكرات-پەیەدە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا،رایگەیاند، "ئێمە بەشداریمان لە ڕێپێواندا کرد لە چوارچێوەی چالاكییەكانی یەكەم رۆژی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی جیهان بۆ ئەوەی جەخت بکەینەوە پرسی ژنان لە هەر شوێنێکدا بێت وەک یەکە، ژنان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی توندوتیژی و پەراوێزخستن دەبنەوە، ئەم کۆنفرانسە بۆ یەکخستنی دەنگی ژنان زۆر گرنگە".
ئاماژەی بەوەشدا "لە ڕۆژئاوا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شۆڕشێکی ناوازەی ژنانمان دەستپێکرد، هێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژی تێکۆشانمان لەپێشە کە دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت و ببێتە نمونەی شۆڕشی ژنان.
بوشرا عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی ژن لە لوبنان ئاماژەی بەوەدا کە شاندی ژنان لە جیهان و سەرجەم پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمی کوردستان و چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداریان کردووە، چونکە کۆنفرانسەکە بۆ تیشک خستنەسەر شۆڕشی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان گرنگە، "شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا لە ڕووی ئەو دەستكەوتانەی بەدەستی هێناوە ناوازەیە، پێویستە سود لە ناوەڕۆک و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و سیستمی هاوسەرۆکایەتی و تەواوی دەستگەورەکانی ئەم شۆڕشە وەربگیرێت لەلایەن ڕێكخراوەكانی ژنانی جیهانەوە.
میسر عەتیانی، چالاکوانی فەلەستینی، خستیەڕوو کە ژنان لە فەلەستین ڕووبەڕووی توندوتیژی دوو هێندە دەبنەوە بەهۆی ئەو یاسایانەی لایەنگری پیاوان دەکات و داگیرکارییەکانی سەر خاکی فەلەستین کە زیانی سەرەکی بۆ ژنان هەیە.
ئەمال ئەلئەربەوی، سەرۆکی کۆمەڵەی جسور بۆ یەکسانی، وتی: بزووتنەوەی ژنان بەرگری لە پرسەکانی کرێکارانی ژن دەکات لە هەموو بوارەکاندا، بزووتنەوەی ژنانیش لە تونس دابڕاو نییە لە خەباتی کرێکار لە بواری کشتوکاڵ و بوارەکانی دیکەدا، یاسای ٥٨ و ٥١ و ٣٧ بەڵگەن لەسەر خەباتی بزووتنەوەی فێمینیستەکانی تونس، بۆ بەرژەوەندی ژنانی کارکەری ناوماڵ و جوتیاران"
سەبارەت بە گرنگی ڕێکخستنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بۆ پێشخستنی ڕاستینە و هەبوونی ژنان، ئەمال ئەلئەرباوی وتی: ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بیرۆکەی شیکاری هاوبەشمان پێدەبەخشن بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە بگەڕێین بۆ چارەسەر و دیدگای هاوبەش بۆ پێشخستنی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت ژنانی کارگە و کێڵگە و بوارەکانی پیشەسازی سەخت، کۆنفرانسەکە یارمەتیدەرمانە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و مافەکان، واتە، بەپێی بەرژەوەندی کەسی ناجووڵێت، بەڵکو داوای ڕزگارکردنی ژنان دەکات لە هەموو جیهاندا.
ماریان هارمز مێتزگەر، چالاکوانی بواری ژنان، دەڵێت: هیچ پاساوێک نییە بۆ توندوتیژی پیاوان بەرامبەر بە ژنان، ئەم کردارانە بە هێزی سروشت ڕوونادەن بەڵکو ئەوە ئیرادەی مرۆڤە، دەبێت هۆشیاری لە کۆمەڵگەکانماندا بەرز بکرێتەوە، پێویستە ژنان بەپێی یاسا بپارێزرێن و پۆلیس کۆنترۆڵی توندتری تاوانباران بکات.
ڕادیە ئەلوەحیشی، چالاکوانی فێمینیستی ژینگەیی وتی: پرسی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، پرسی یەکسانییە لە چەمکی یاسایی و بوارەکانی دیکەدا، ئێمە داوای دادپەروەری لە بواری کەشوهەوا دەکەین، چونکە ژنان لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی میرات و گەشەپێدان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، بۆیە لەم کۆنفرانسەدا دەنگمان بەرز کردەوە بۆ ئەوەی ژنان هەموو مافەکانیان بەدەست بهێنن.