توندوتیژی دژی ژنان و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە

ژنانی ئاوارە کە ٪٨٠یان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ناچاری ئاوارەبوون دەبن، مەترسی توندوتیژی زیاتریان لەسەرە بەتایبەت توندوتیژی سێکسی.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی کۆچبەر بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین مەترسی توندوتیژییان لەسەرە، میشێل باشیلیت، كۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوه یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، پرسی توندوتیژی دژی ژنان و كچان، كه به هۆی قەیرانی كەشوهەواوه توندتر دەبێتەوە، دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت.

 

٢٧ی حوزەیران، میشێل باشیلیت، كۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە دیبەیتی ساڵانەی خۆیدا لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە ٥٠یەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە رایگەیاند، ژنان تووشی قورسترین لێكەوتەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا دەبن، وتیشی: ژنان و كچان لە سەرانسەری جیهان رووبەڕووی مەترسییەكان دەبنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی زەوی، ئاو، سروشت و کۆمەڵگەکان.

 

ئەو کۆمسیارە ئاماژەی بەوەدا، پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە گۆڕانی کەشوهەوا و توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ یەکتردا گرێدراون، هەروەها لە پرسەکانی کەشوهەوادا بەشێوەیەکی یەکسانی و تەواو و کاریگەر پێویستی بە بەشداریکردن و پێشەنگایەتی ژنان هەیە، "پێویستە دەوڵەتان هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ ڕێزگرتن و پاراستن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە ژنان، بە تایبەت ژنانی بەرگریکار لە ژینگە".